عەباس عێراقچی : ئێران ئامادەیە ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێشکەش بکات

Dîroka Belavkirin :
عەباس عێراقچی : ئێران ئامادەیە ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێشکەش بکات
پەیامی کورد   ...   عەباس عێراقچی : ئێران ئامادەیە ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئەتۆمی پێشکەش بکات

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێک دا ڕایگەیاند کە ووڵاتەکەی ئامادەیە لە ماوەی 2 تا 3 ڕۆژی داهاتوودا ڕەشنووسی خۆی بۆ ڕێککەوتنێکی ئەگەری ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا ئامادە بکات.

عێراقچی ئاشکرایکرد کە هەردوو لایەنی دانووستانکار لەسەر کۆمەڵێک "بنەمای ڕێبەر" گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، هاوکات ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە گوایە ئەمریکا داوای "پیتاندنی سفر"ی کردووە، یان ئێران پێشنیازی "ڕاگرتنی 2 تا 3 ساڵە"ی کردووە.

ناوبراو جەختی کردەوە کە پرسی ئەتۆمی هیچ چارەسەرێکی سەربازیی نییە و تەنها لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر دەبێت، بەتایبەت دوای ئەو گرژییە سەربازییانەی دوایی کە لە ناوچەکەدا ڕوویان داوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە "هێرشی سەربازی چارەسەر نییە بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەمان، چوونکە هێرشەکانی پێشوو نەیانتوانی لەناوی بەرن."

لە کۆتایی قسەکانی دا، وەزیری دەرەوەی ئێران ووتی : "هیوادارم ئەو کەسانەی کە بەدوای شەڕدا دەگەڕێن و دەیانەوێت ئەمریکا جارێکی تر ڕابکێشنە ناو شەڕێکی ناپێویست و کارەساتبار، سەرکەوتوو نەبن و ڕێگە بدەن ئێمەی دیپلۆماتەکان پێکەوە کار بکەین و بگەینە چارەسەرێکی دیپلۆماسی؛ کە بڕوام وایە ئەم چارەسەرە لەبەر دەستە و دەکرێت لە ماوەیەکی کورتدا بەدەست بێت."