پەیامی کورد... لوبنان.. دانپێدانانی سیخوڕێک کە دەستی هەبووە لە تیرۆرکردنی نەسڕوڵا
ڕۆژنامەی (المدن) وردەکاریی نوێی سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی گشتیی لوبنان لەگەڵ دەستگیرکراوێک بە ناوی (محەمەد. ص) بڵاو کردەوە، کە تێیدا پەردە لەسەر چالاکییە سیخوڕییەکانی بۆ دەزگای (مۆساد)ی ئیسرائیلی لادەدات.
بەپێی زانیارییەکان، دەستگیرکراوەکە لە چەندین ئۆپەراسیۆنی هەستیاردا تێوە گلاوە، لەوانە دابینکردنی زانیاریی لۆجستی کە ڕەنگە بووبێتە هۆی تیرۆرکردنی حەسەن نەسڕوڵا، ئەمینداری پێشووی حزبوڵا، تۆمەتبارەکە بە دەستی خۆی دانپێدانانی نووسیوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە لەبەرانبەر ئەم کارەدا پاداشتێکی تایبەت و پارەی لە لایەن ئەفسەرێکی مۆسادەوە لە بولگاریا وەرگرتووە.
لە بەشێکی دیکەی لێکۆڵینەوەکاندا هاتووە، ئەو سیخوڕە زانیاریی وردی لەسەر سەرکردە و ئەندامانی (الجماعة ئیسلامیة - هێزەکانی فەجر) داوەتە مۆساد کە دواتر هەندێکیان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراونەتە ئامانج.
بەپێی زانیارییەکان، شێوازی کارکردنی بەو جۆرە بووە کە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکی کۆدکراوەوە شوێنی وردی لە جەرگەی زانیارییەکانی باشووری بەیرووت وەرگرتووە و دواتر بە ئامێرێکی تایبەت کە لە لایەن مۆسادەوە بۆی نێردراوە، قووڵایی تونێلەکان و دامەزراوەکانی ژێرزەویی حزبوڵای دیاری کردووە، تاوەکوو بۆ هێرشی سەربازی ئاسان بن.
سەبارەت بە ساتەوەختی دەستگیرکردنی، لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە (محەمەد. ص) لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024 و دوای ونبوونی هاووڵاتییەکی سووری - ئۆکراینی کە گومانی سیخوڕیی لێدەکرا، کەوتووەتە ژێر چاودێرییەوە، دوای پشکنینی کامێراکان و بەدواداچوونی کۆگایەک لە ناوچەی (نەقاش)، ئاسایشی گشتیی لوبنان توانیویەتی دەستگیری بکات.