مای ساتۆ : پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران نەک هەر ڕانەگیراوە، بەڵکوو بەربڵاوتر بووە
مای ساتۆ، ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ڕایگەیاند کە لە گەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە سێ حاڵەتی جیددی پێشێلکردنی مافەكانی مرۆڤ لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباردا نووسینی فەرمی کردووە.
ناوبراو لە پۆستێكیدا لە ئێکس جەختی كردەوە: پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن ڕێژیمەوە نەوەستاون و لە ئاستێکی بەرفراوانتردا بەردەوامن.
ئەو پرسانەی لە نووسراوەكان دا خراونەتەڕوو، بریتین لە بارودۆخی دوو دەست بەسەرکراو بە ناوەکانی ئیحسان فەریدی و زەهرا شەهباز تەبەری، ئەشکەنجەدان، گیان لەدەستدان لە دەست بەسەریدا، لەسێدارەدانی نایاسایی، و بێبەش کردنی زیندانییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان.
ناڕەزایەتییەكانی مانگی بەفرانبار بە سەركوتی تووند لە شەوانی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار ڕووبەڕوو بووەوە، پەرلەمانی ئەورووپا ژمارەی کوژراوانی بەلایەنی کەمەوە ٣٥ هەزار ڕاگەیاندووە و گۆڤاری تایمیش پێشتر زیاتر لە ٣٠ هەزار کەسی ڕاگەیاندبوو.