بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوێنێ یەکشەممە نامەیەکی فەرمی ئاراستەی سەرۆک کۆماری ئیسرائیل کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێواری ڕووداوی "نائاسایی"دایە لە چەند مانگی داهاتوودا، پێویستی بە ئامادەکارییەکی بەرفراوان و هەوڵی بەردەوام و ٢٤ کاتژمێری دیپلۆماسی و ئەمنی هەیە.
لە نامەکەیدا کە بەشێک بوو لە داواکارییەکی فەرمی لێخۆشبوون کە لە ڕێگەی نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئیسرائیلەوە بڵاوکرایەوە، نەتانیاهۆ ڕایگەیاند کە ساڵانی ڕابردوو شایەتی پەرەسەندنی گرژی و دووبەرەکییەکانی ناو کۆمەڵگەی ئیسرائیل و لە نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بووە. ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی لێخۆشبوون "لە قۆناغی کۆتاییدایە."
ناتانیاهۆ زیادی کرد "وەک کەسێکی بەرپرسیاری گشتی و نیشتمانی، و بە گوێگرتن لە داواکارییەکەت کە تا کۆتایی خولەکەم بە بەرپرسیارانە ڕۆڵی خۆم وەک سەرۆکوەزیران جێبەجێ بکەم، دووپاتی دەکەمەوە کە شەرەفی سیاسیم هەمیشە ڕێنماییم دەکات لە خزمەتکردنی گشتیدا".
لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە یەکلاییکردنەوەی دادوەری دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دابەشکارییەکانی ناو کۆمەڵگا، ڕوونیکردەوە کە ئیسرائیل لە ئێستادا ڕووبەڕووی تەحەدای ئەمنی و دیپلۆماسی "ناوازە" بووەتەوە کە پێویستی بە بەکارهێنانی هەموو ئامرازەکان هەیە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنی سەرباز و هاووڵاتییە ڕفێنراوەکان و گەڕاندنەوەی یەکێتی ناوخۆیی و بەهێزکردنی متمانە لەنێوان دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوەدا کە لێکتێگەیشتنە بەردەوامەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل، دەوڵەتانی عەرەبی و لایەنە نێودەوڵەتییەکان پێویستی بە هەوڵی بەردەوام و ئامادەکاری چڕ هەیە، جەختیشی لەوە کردەوە کە "بەشێک لەم پێشهاتانە لە ئێستاوە دەستیان بە سەرهەڵدان کردووە".
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، پەیامنێرێکی ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل داوای لێبوردنەکەی نەتانیاهۆی بە "بومەلەرزەیەکی سیاسی" وەسفکرد و ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆکوەزیران لە داواکارییەکەیدا نووسیویەتی: "رێوشوێنە یاساییەکانی دژی من بووەتە جێگەی سەرنجی ڕووبەڕووبوونەوە چڕەکان، و سەرەڕای بەرژەوەندی کەسیی من لە بەدواداچوونی دادگاییکردنەکە و سەلماندنی بێتاوانیم، بەرژەوەندی گشتی ڕێبازێکی جیاواز دیاری دەکات".