پەیامی کورد... هاوپەیمانییەکی کۆمپانیا سعوودی و ئەمریکییەکان بۆ گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا پێکدەهێنرێت
ئاژانسی "ڕۆیتەرز" لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە، دوێنێ سێشەممە بڵاویکردەوە کە "دوو کۆمپانیای سعوودی و سێ کۆمپانیای بنکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هاوپەیمانییەک بۆ گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا پێکدەهێنن".
ئەو دوو سەرچاوەیە ئاشکرایان کردووە کە کۆمپانیاکانی "بیکەر هیوز" (Baker Hughes)، "هەنت ئینێرجی" (Hunt Energy) و "ئارێجێنت بۆ گازی سروشتیی شلکراوە" (Argent LNG) بەنیازن پڕۆژەیەکی وزە بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای "ئەکوا پاوەر"ی (ACWA Power) سعوودی و کۆمپانیای "تاقە" (TAQA) ئەنجام بدەن، و پڕۆژەکە چوار تا پێنج شوێنی پشکنین و گەڕان لە ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵات دەگرێتەوە.
سەرچاوەکان جەختیان کردووەتەوە کە نوێنەرانی زۆربەی کۆمپانیاکان لە سەرەتای ئەم مانگەدا، لە سووریا چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ "کۆمپانیای نەوتی سووریا" ئەنجامداوە.
لای خۆیەوە، جۆناسان باس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای "ئارێجێنت بۆ گازی سروشتیی شلکراوە"، جەختی کردەوە کە کۆمپانیاکان پێشبینی دەکەن لە ماوەی هەفتەکانی داهاتوودا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ پڕۆژەکە واژۆ بکەن.
باس وتی: "ئێمە زۆر بەپەرۆشین بۆ بەدیهێنانی دیدگاکانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سووریا، و گواستنەوەی وڵاتەکە لە تاریکییەوە بەرەو ڕووناکی".