پەیامی کورد- قامیشلۆ
هێزەکانی سوریای دیموکرات ئێوارەی دوێنێ شەممە ڕایگەیاند، هێزەکانیان هێرشێکی "فراکسیۆنەکانی سەر بە حکومەتی سوریایان لە ڕۆژهەڵاتی ڕەققە" پووچەڵکردووەتەوە.
لە بەیاننامەیەکدا کە لە هەژمارە سۆشیال میدیاییەکانی خۆیدا بڵاویکردۆتەوە "لە هێرشێکی نوێدا کە ڕەنگدانەوەی ئاژاوە و بێباکیی هەندێک لە کوتلەی سەر بە حکومەتی دیمەشق بوو، ئەمڕۆ هێزەکانمان کەوتە بەر هێرشێکی خیانەتکارانە بۆ سەر میحوەری گوندی غانم ئەلعەلی لە لادێکانی ڕۆژهەڵاتی ڕەقە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "فراکسیۆنەکان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ و چەکی قورسیان بەکارهێناوە بەبێ ئەوەی هیچ ڕەچاوی سەلامەتی هاوڵاتیانی مەدەنی یان سەقامگیری ناوچەکە بکەن".
لە درێژەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات "بەرپرسیارانە هێرشەکەی پووچەڵکردەوە، و پێکدادانەکان برینداری سوکی لێکەوتەوە بۆ سێ لە چەکدارەکانمان، ئەمە جگە لەوەی زیانی گیانی پشتڕاستکرایەوە لەنێوان کوتلە هێرشبەرەکاندا."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم ڕەفتارە بێباکانە ئیرادەی ئەم لایەنانە پشتڕاست دەکاتەوە بۆ ڕاکێشانی ناوچەکە بۆ ناو گرژی و تێکدانی هەموو هەوڵەکان کە ئامانجیان پاراستنی سەقامگیرییە."
لە بەیاننامەکەیدا، هێزەکانی سوریای دیموکرات داوای لە ”سپۆنسەرەکانی ئەو کوتلانە کردووە کە دەستیان بەسەردا بگرن و واز لە کارە نابەرپرسیارییەکانیان بهێنن، چونکە مەترسی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری ناوچەکەدا دروست دەکەن".