بەرپرسی ئاسایشی سیاسی ڕژێمی ڕووخێندراوی سووریا لە دیمەشق دەست بەسەر کرا
پەیامی کورد ... بەرپرسی ئاسایشی سیاسی ڕژێمی ڕووخێندراوی سووریا لە دیمەشق دەست بەسەر کرا
بەشی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سووریا ڕۆژی هەینی ٧ی بەفرانبار ڕایگەیاند کە "ریاز حەسەن"، بەرپرسی ئاسایشی سیاسی ڕژێمی ڕووخێندراوی سووریا لە دیمەشق دەستگیر كراوە. ئەم هەواڵە دوای دەستپێکردنی هەڵمەتێکی ئەمنی بەرفراوان لە سەرانسەری ووڵاتدا لەژێر ناوی گەڕان بەدوای "پاشماوەکانی ڕژێمی ئەسەددا دێت".
بەگوێرەی ڕاگەێندراوی ئەو بەڕێوبەرایەتییە، ئامانج لەم ئۆپراسیۆنانە "چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و ئارامی کۆمەڵایەتی" و هەروەها بەدواداچوونی میلیشیا ماوەكانی ڕژێمی ئەسەدە.
هەر لەو پێوەندییەدا هێزەکانی حکوومەتی نوێی سووریا هەوڵیان داوە ئۆپراسیۆنی هاوشێوە لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو ووڵاتە ئەنجام بدەن، لەوانە ناوچە کەنارییەکانی ڕۆژئاوای سووریا کە جێگەی سەرنجی سەرەکی لایەنگرانی دیکتاتۆریەتی بەشار ئەسەدە.
ئەم بەڕێوبەرایەتییە هەروەها دەستگیرکردنی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمنی ڕژێمی لەکارلادراوی ئەسەد و کۆمەڵێک لە ئاژاوەگێڕانی لایەنگری ڕژێم لە شاری تەرتووس ڕاگەیاند.