سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا : تەنانەت ئەگەر ئەمریکا سزاکانی سەر ڕووسیاش هەڵبوەشێنێتەوە، ئێمە ئەو کارە ناکەین

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا : تەنانەت ئەگەر ئەمریکا سزاکانی سەر ڕووسیاش هەڵبوەشێنێتەوە، ئێمە ئەو کارە ناکەین
پەیامی کورد   ...   سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا : تەنانەت ئەگەر ئەمریکا سزاکانی سەر ڕووسیاش هەڵبوەشێنێتەوە، ئێمە ئەو کارە ناکەین

لە کاتێکدا دانووستانەکانی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان دەستی پێکردووە، ڤۆن دێر لاین ووتی: یەکێتی ئەورووپا نەک تەنها سزاکانی سەر ڕووسیا دەپارێزێت، بەڵکوو بە سەپاندنی خولی شانزەهەمی سزاکانیش بەرەو پێشەوە دەچێت و تەنانەت ئەگەر ئەمریکا سزاکانی سەر ڕووسیا هەڵبگرێت، یەکێتی ئەورووپا سزاکانی سەر ڕووسیا هەڵناگرێت.
ڕۆژێک دوای دانووستانی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ڕووسیا لە سەعوودیە بۆ تاوتوێکردنی کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکراین ، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ڕایگەیاند کە پاکێجێکی نوێ و گەورەی سزاکانی سەر مۆسکۆ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەلایەن یەکیتی ئەورووپا پەسەند دەکرێت.

پێشکەشکردنی پاکێجێکی نوێی سزاکان لە لایەن یەکیتی ئەورووپا بۆ سەر ڕووسیا، نیشانەیەکی دیکەی گرژییە دیارەکانی نێوان زلهێزەکانی ئەورووپا و ئەمریکایە لەسەر دانووستان لەگەڵ ڕووسیا. ئۆکراین و زلهێزەکانی ئەورووپا ئەو دانووستانانەی لە ڕیاز بەڕێوەچوو بە "بەدەربازبوون"ی کیێڤ و ئیمتیازێکیان پێشوەختە بە ڕووسیا زانیوە.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە ئەمریکا بە دانووستان لەگەڵ ڕووسیا "یارمەتی (ڤلادێمیر) پووتین دەدات" و ئاماژەی بەوەشکرد کە ناتوانێت " ووڵاتەکەی بفرۆشێت".

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەی ڕیاز، کرێملین دووپاتی کردەوە کە ئەگەری کۆبوونەوەی ڤلادێمیر پووتین لەگەڵ دۆناڵد ترامپ لە 10 ڕۆژی داهاتوودا هەیە. چەند کاتژمێرێک پێش قسەکانی ووتەبێژی کرێملین، دۆناڵد ترامپ ئەگەری دیداری هاوتا ڕووسییەکەی لە چەند ڕۆژی داهاتووش دا ڕاگەیاندبوو.

ووردەکاری پاکێجی سزا بەرفراوانەکانی سەر ڕووسیا
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ڕۆژی چوارشەممە لە پۆستێکی سۆشیال میدیادا سەبارەت بە پاکێجی نوێی گەمارۆوەکانی سەر ڕووسیا نووسیویەتی، کەشتی زیاتر لە "بەلەمی جنۆکەکان " ڤلادێمیر پووتین سزا دەدرێن و قەدەغەکردنی نوێ بۆ هاوردەکردنی ئەلەمنیۆم لە ڕووسیا تێدەپەڕێندرێت.

بەگوێرەی ئۆرسێلا ڤۆن دێر لاین، بڕیارە 73 کەشتی ڕووسی بخرێنە لیستی ڕەشی ئەورووپا.
پاکێجی نوێی گەمارۆوەکانی یەکیتی ئەورووپا دژ بە ڕووسیا کە ١٦هەمین لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ڕووسیا لە ئۆکراین، بڕیارە ١٣ بانکی دیکەی ڕووسی لە بەشداریکردن لە سیستەمی پارەدانی جیهانی سویفت دوور بخاتەوە و هەشت دەزگای ڕاگەیاندنی دیکەی ڕووسیا لە ئەورووپا پەخش بکەن.

خاتوو ڤۆن دێر لاین جەختی لەوە کردەوە کە یەکیتی ئەورووپا خۆی بە "پابەند بە بەردەوامبوون لە فشارخستنە سەر کرێملین" دەزانێت.

بڕیارە ئەم پاکێجە سزایە لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکیتی ئەورووپا ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی ئازار بە فەرمی پەسەند بکرێت. ئەم بەروارە هاوکاتە لەگەڵ سەرەتای ساڵی چوارەمی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین.

بڕیارەکانی یەکیتی ئەورووپا دەبێت بە کۆدەنگی ووڵاتانی ئەندام بدرێن. هەنگاریا کە ڤیکتۆر ئۆربان سەرۆکەکەی هاوپەیمانی دۆناڵد ترامپ ە، ناڕەزایی خۆی دەربڕی لە بانگهێشت نەکردنی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی سەرکردەکانی ئەورووپا سەبارەت بە ئۆکراین .

بەڵام ڕۆژی چوارشەممە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بە پشت بەستن بە دیپلۆماتکارانی ئەورووپایی نووسیویەتی، وەزیرانی دەرەوەی ووڵاتانی ئەندامی یەکیتی ئەورووپا لە دانووستانەکانی پێشوویان دا گەیشتوونەتە کۆدەنگی لەسەر سزا نوێیەکانی سەر ڕووسیا.

یەکێتی ئەورووپا نیگەرانە لەوەی ئەو ڕێککەوتنە ئاشتییەی کە واشنتۆن لەگەڵ مۆسکۆ دانووستان دەکات بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی ئۆکراین لەبەرچاو ناگرێت.

بەرپرسانی ئەمریکا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە یەکیتی ئەورووپا لە کۆتایی دا ڕۆڵی دەبێت لە دانووستانەکان لەسەر شەڕی ڕووسیا لە ئۆکراین ، ئەمەش بەهۆی ئەو سزایانەی کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە.

ئەم بابەتە 14 جار خوێندراوەتەوە