پەیامی کورد- قامیشلۆ... ئیلهام ئەحمەد: کار دەکەین بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی عەفرین بۆ ناوچەکانیان لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا
ئیلهام ئەحمەد، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەڕێوەبەریی خۆسەر، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، کە کارکردن بەردەوامە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین و شێخ مەقسوود و ناوچەکانی دیکە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئاماژەی بەوەش کرد: "بۆ ئەو مەبەستە پێویستە سووربوون، فشار و چاودێریی نێودەوڵەتی هەبێت".
لە کاتی سەردانێکیدا کە ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ چەند بەرپرسێکی دیکە بۆ لای ئاوارەکانی عەفرین لە ناوەندەکانی حەوانەوە لە شاری قامیشلۆ ئەنجامیدا، وتی: "پێویستییەکی زۆر هەیە کە دیمەشق لەسەر ئەم بابەتە بوەستێت و بەدواداچوون بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شارەکانیان لە زووترین کاتدا بکات، تاوەکو ژیانی ئاسایی خۆیان دەست پێ بکەنەوە".
وتیشی کە هەر سەقامگیرییەک لە سووریا بەستراوەتەوە بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شارەکانی خۆیان.
ئەحمەد ڕوونی کردەوە کە هەندێک گرووپ لە دێرەزوورەوە هەن کە نایانەوێت لە عەفرین بچنە دەرەوە، و وتی: "پێویستە ئەو ناوچەیە جێبهێڵن، و دەبێت دانیشتووانی عەفرین خۆیان ناوچەکانی خۆیان بەڕێوە ببەن و بیپارێزن".
لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەڕێوەبەریی خۆسەر ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەم بابەتە لە ئەستۆی بەرپرسیارێتیی ئێمەدایە، و خەریکی بەدواداچوونین بۆ ئەم پرسە بە ڕاوێژ لەگەڵ دیمەشق، لێرەشدا بە گەلەکەمان دەڵێین کە گەڕانەوە لە زووترین کاتدا ئەنجام دەدرێت".