ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەی نیشتمانی (ڕووناکی) پەسەند کرد

ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەی نیشتمانی (ڕووناکی) پەسەند کرد
پەیامی کورد   ...   ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەی نیشتمانی (ڕووناکی) پەسەند کرد

ئەنجوومەنی وەزیران جەخت دەکاتەوە کە حکوومەتی فیدراڵ دەبێت وەک قەوارەیەکی دەستووری ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و شایستە داراییە دەستوورییەکانی هەرێم لە بوودجەی گشتی فیدراڵ، بێ کێشە دابین بکات بە تایبەتیش کە هیچ کێشەیەکی تەکنیکی نەماوە.

چوارشەممە 14ی ئایاری 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، گفتوگۆکردن بوو لەسەر ڕەشنووسی بڕیـاری ئەنجـوومەنی وەزیـران سـەبارەت بە (پـڕۆژەی ڕوونـاکی)، بـۆ دابینکـردن و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاری کارەبای بیست و چوار کاتژمێری بۆ هاوبەشانی تۆڕەکـانی کارەبـای نیشـتمانی، بە شــێوەیەکی فــراوان و بە بەردەوامــی و کەمکــردنەوەی تێچــووی بەکارهێنــان و ڕێگــریكردن لە بەهەدەردان و هاوسەنگی لە دابەشـکردن و پاراسـتنی ژیـنگە و تەندرووسـتی گشـتی و جێبەجێکردنـی ئەم پـڕۆژە نیشتمانییە، لەلایەن کەرتی گشتی و وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەبێت.

بۆ ئەم بڕگەیەی کارنامەی کۆبوونەوەکە، وێڕای وەزیری کارەبا، میوانداری هەردوو بەڕێوبەری گشتی دیوان و دابەشکردنی کارەبای هەرێم کرا بوو بۆ خستنەڕووی ووردەکاری پرۆژەکە و ووڵامدانەوەی پرسیار و سەرنجەکان.

سەرۆکوەزیران لە سەرەتادا، ئاماژەی بە گرینگی ئەم پرۆژەیە کرد و ئاماژەی دا بەوەی کە ئەم پڕۆژەیە، بڕگەیەکی پەسەندکراوی كارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لە مانگی تەمووزی 2019 پەسەند کرا و لەسەر بنەمای ئەو بەرنامەیە متمانە بە کابینەکە درا.

سەرۆکوەزیران، ئەم پرۆژەیەی بە یەکێک لە دەسکەوتە گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوبرد، کە داوا و خواستی چەندین ساڵەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بووە و مافێکی ڕەوا و سەرەتایی هاونیشتمانیانیش بوو کە بکرێتە ئەرکی لەپێشینەی ئەم کابینەیە بۆ ڕێکخستنەوە و ڕیفۆرمی جیددی لە كارەبادا.

سەرۆکوەزیران دووپاتیشی کردەوە کە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، پڕۆژەیەکی نیشتیمانییە کە خاوەندارییەتی بۆ وەزارەتی کارەبایە و بە هێزی کاری خۆماڵی کەرتی گشتی جێبەجێ دەکرێت و چەندین قازانج و سوودی گشتی هەیە لە ڕووی ژینگەیی و تەندرووستی، هەروەها خەرجییەکەشی بۆ زۆرینەی خەڵک کەمترە لەو پارەیەی کە هاووڵاتییان بە موەلیدە و پارەی کارەبای نیشتمانی پێکەوە، دەیدەن.

سەرۆکوەزیران داواشی لە هاووڵاتییان کرد کە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە و بەپێی پێویستی خۆیان کارەبا بەکاربهێنن و بەفیڕۆی نەدەن، بەو پێیەی بڕی بەکارهێنانی کارەبا، لێرە بە دواوە لەژێر کۆنتڕۆڵی هاووڵاتییان دەبێت و بەپێی بەکارهێنان پارە دەدەن، ئەمەش لەکۆتایی دا هاوکار دەبێت بۆ کەم کردنەوەی تێچووی کارەبا و بەکارهێنانەوەی داهاتی بەدەست هاتوو لە پاڵپشتی زیاتری هاوبەشانی تۆڕی کارەبای نیشتیمانی و سەرخستنی پرۆژەکە و فراوانکردنی، کە وا بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2026 ، تەواوی هاوبەشانی هەرێمی کوردستان سوودمەند بن لە خزمەتگوزاری کارەبای بەردەوامی بیست و چوار كاتژمێری.

پاشان کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا، ڕاپۆرتێکی بەرفراوان و بە داتا و زانیاری ووردی پێشکەش کرد و باسی لە وردەکارییەکانی پڕۆژەکە و قازانجەکانی بۆ هاووڵاتییان کرد، هەروەها ئاماژەی بەو چاکسازییانە کرد کە لە قۆناخی ئەزموونیی پڕۆژەکە ئەنجام درا، بە ئاراستەی کەمکردنەوەی نرخی تێچووی کڕینی کارەبا لەلایەن هاووڵاتییان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ ئاسانکاری، لەپێناوی خۆگونجاندنی هاووڵاتییان لەگەڵ پڕۆژەکەدا.

دواتر ڕەشنووسی بڕیـاری ئەنجـوومەنی وەزیـران سـەبارەت بە پڕۆژەی کارەبای بیست و چوار كاتژمێری (پـڕۆژەی ڕوونـاکی) و ووردەکارییەکانی بۆ ئەنجومەن خرایەڕوو بە مەبەستی گفتوگۆ و بڕیاردان.

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و ووڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەبڕیارەکەی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد و وەزارەتی کارەبای ڕاسپارد بۆ دەرکردنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی بڕیارەکە کە هەر بەگوێرەی بڕیارەکە، لیژنەیەکی باڵا لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران و بەشداری جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکان پێکهات، بۆ بەدوادچوون و هەڵسانگاندنی بەرەوپێش چوونەکانی پرۆژەکە و سەرخستنی بە ئاراستەی خزمەتکردنی هاووڵاتییان و ڕەچاوکردنی بارودۆخیان بە تایبەتیش کەم دەرامەتان.

لە بڕگەی دووەم دا، گفتوگۆ لەبارەی ڕاسپاردنی وەزارەتەکان و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە کرا بۆ هاوئاهەنگی و هاوکاری دەستەی هاوبەشی ووردبینی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، کە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕاپۆرتی هاوبەشن لەسەر ووردبینی دارایی هەرێمی کوردستان لەبەر تیشکی یاسای بوودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵەکانی 2023، 2024، 2025.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە بەردەوام بوونی هاریکاری و هاوئاهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، لە هەمانکاتدا دووپاتی کردەوە کە دەبێت حکوومەتی فیدراڵ وەکوو هەرێمێکی فیدراڵ و قەوارەیەکی دەستووری ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و ڕێز لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و بەشە بوودجەی هەرێم وشایستە داراییەکانی لە بوودجەی گشتی فیدراڵ بێ کێشە دابین بکات، بە تایبەتیش کە هەرێمی کوردستان سەرجەم داواکارییە تەکنیکی و ژمێریاری و یاساییەکانی حکوومەتی فیدڕاڵی سەبارەت بە لیستی مووچە و خانەنشینی و تەرازووی پێداچوونەوە و دابینکردنی ژمارەی کەسی بێ هاوتا بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم لە سەرجەم کەرتە جیاوازەکانی خزمەتی وەزیفی جێبەجێ کردووە و هیچ کەموکوڕییەکی تەکنیکی لەم ڕووەوە نەماوە، تا بکرێتە بەهانە بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم کە مافێکی یاسایی ڕەوای مووچەخۆرانە و دادگای باڵای فیدڕاڵیش بە ئاشکرا جەختی لەم مافە کردووەتەوە.

ئەم بابەتە 44 جار خوێندراوەتەوە