د.محەمەد شوکری : گرێبەست کراوە بۆ ئەوەی ھەرێم بچێتە ناو بازاڕی بازرگانی جیھانی

پەیامی کورد ... د.محەمەد شوکری : گرێبەست کراوە بۆ ئەوەی ھەرێم بچێتە ناو بازاڕی بازرگانی جیھانی
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ووتی "لە چوارچێوەی بەشداریکردنی شاندی حکوومەتی ھەرێم لە کۆڕبەندی ھۆڵەندا و ھەرێمی کوردستان، شەش گرێبەست واژوو کراون، گرینگترینیان ئەوەیە ھەرێمی کوردستان دەچێتە ناوبازاڕی بازرگانی جیھانی گوڵ."
د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، سەردانمان بۆ ووڵاتی ھۆڵەندا و بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری ھۆڵەندا و کوردستان، کارێکی زۆر گرنگ بوو، ١٠٠ وەبەرھێنەری ھەرێم و ھۆڵەندا و حکوومەتی ھەرێم و ھۆڵەندا بەشداربوون، لەو کۆڕبەندەدا شەش گرێبەستی تازەی کارکردن لەنێوان ھەرێمی کوردستان و ھۆڵەندا ئیمزا کران، دوای چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە ئەنجامی باشی دەبێت، بڕیارە ھەندێک شاندی ھۆڵەندی بێنە ھەرێمی کوردستان، وەکوو حکوومەت و کەرتی تایبەت بۆ ئەوەی کاری زیاتر بکەن."
د.محەمەد شوکری ووتیشی "جگە لەوە، کۆبوونەوەی زۆر باشمان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ھۆڵەندا، وەزارەتی کشتوکاڵی ھۆڵەندا، ژوورەکانی بازرگانی و ئەوانەی پشتگیری دارایی پڕۆژەکان دەکەن ئەنجام دا، دەریانخست کە پشتگیری دارایی پێشکەشی پڕۆژەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن."
دەشڵێت "لە ھەمووی گرینگتر گرێبەستی چوونە ناو بازرگانی گوڵی جیھانییە لەڕێگای کۆمپانیای ھۆڵەندی چاندنی گوڵ وگولزار لە ھەرێمی کوردستان برەو پێ دەدات، بۆ ئەوەی بەرھەمی گوڵ لە ھەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت و ھەناردەی دەرەوە بکرێت، پرسی پیشەسازیش بەھەمان شێوە، بەرھەمھێنانی خۆراکیش یەکێک لە کارەکانی داھاتووی ئەو کۆڕبەندە دەبێت."





