زانیاری سەبارەت بە کردنەوەی عەلوەی ئاکرێ

زانیاری سەبارەت بە کردنەوەی عەلوەی ئاکرێ
پەیامی کورد   ...   زانیاری سەبارەت بە کردنەوەی عەلوەی ئاکرێ 

لە ماوەی ڕابردوودا، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردی بناغەی عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێی دانا، بەڕێوبەری گشتی وەبەرھێنانی دھۆکیش دەڵێت، ئەو بەشانەی زۆر پێویستن وەک دوکانی سەوزە و میوە و عەلافەکان، تەواو بوون و پێش کۆتایی ئەمساڵ دەکرێنەوە.

د. ھەڤاڵ سدیق، ڕایگەیاند : بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا بەردی بناغەی عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێ دانرا و کارەکانی زۆر بە خێرایی بەڕێوە چوون، ئێستاش بەشە گرنگەکانی عەلوە تەواو بوونە و بڕیارە پێش کۆتایی ئەمساڵ بکرێنەوە، کە دوکانەکانی فرۆشتنی بەرھەمی ناوخۆ و عەلافەکان بەشی گرینگی عەلوەکەن دەکرێنەوە و بەشەکانی دیکەش کارکردن تێیاندا بەردەوامە و ھەر بەشێک تەواو بێت، ئەویش دەکرێتەوە، بێگومان عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێش، دەبێتە بازاڕێکی زۆر باش بۆ ساخکردنەوەی بەرھەمی ناوخۆ لە ھەرسێ قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش و شێخان.

سدیق گوتیشی: ئەم پڕۆژەیە، پڕۆژەیەکی زۆر گرینگ و پێویستە بۆ سنوورەکە و یەکێکە لە عەلوە گەورەکان لە ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەو ناوچەیە دەوڵەمەندە بە بەرھەمی کشتوکاڵی، بۆیە بە تەواوبوونی، سوودێکی زۆر باشی بۆ ناوچەکە دەبێت و بەرھەمی ناوچەکە ساخ دەبێتەوە.

رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، لە قەزای ئاکرێ لە ژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی عەلوەی ھاوچەرخی ئاکرێ بە گوژمەی ٢٢ ملیۆن دۆلار دانرا.

پڕۆژەکە پێکدێت لە ٤ شوێنی عەلوەی میوە و سەوزە و شوێنی فرۆشتنی ڕاستەوخۆ، ٢٧ کۆگای نۆرماڵ و ١٦ عەلوەی وشک، گۆڕەپانی فرۆشتنی ڕاستەوخۆی میوە و ٤٠ شوێنی عەلاف و کۆگای ساردکەرەوە و شوێنی بەرگری شارستانی، ٢ قەپان و پارکی وەستانی ئۆتۆمبێلی بچووک و گەورە، نەمامگە و سەوزایی و باخچە، شەقام و شوێنی پیادە و ناوچەی کراوە.

ئەم بابەتە 34 جار خوێندراوەتەوە