زانیاری گرینگ له‌باره‌ی به‌شداری سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌ كۆنفرانسی COP29 ده‌خرێتەڕوو

زانیاری گرینگ له‌باره‌ی به‌شداری سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌ كۆنفرانسی COP29 ده‌خرێتەڕوو
پەیامی کورد   ...   زانیاری گرینگ له‌باره‌ی به‌شداری سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌ كۆنفرانسی COP29 ده‌خرێتەڕوو

سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، باس له‌ گرینگی به‌شداری سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان لە کۆنفرانسی COP29 دەکات و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌شداری كردنیان له‌ كۆنفرانسێكی وا گرنگ په‌یامێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش گرنگی كوردستانه‌ به‌ بابه‌تی ژینگه‌.

لووتکەی جیهانی کەشوهەوای ئەمساڵ وابڕیارە لە (11 تاوەکو 22ـی تشرینی دووەمی 2024) لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەبچێت کە 29ـەمین لوتکەی جیهانییە بۆ گفتوگۆکردنی سەرکردەکانی جیهان لەبارەی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا بڕیاریشه‌ هه‌ردوو سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان به‌شداری ئه‌و كۆنفرانسه‌ بكه‌ن.

له‌م باره‌وه‌، سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق، لە دیمانەیەکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی بەشداریکردنی سەرۆکی هه‌رێم و حکوومەت لە کۆنفرانسی COP29 دەکات و دەڵێت، بەشداربوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرانی دەستەی ژینگە و نوێنەرانی وەزارەت و دەستە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوە فراوانەکانی ناوچەکە و جیھان لەبارەی پرسی وزە نوێبووەکان و گۆڕانکارییەکانی کەشوھەواوە، بەردەوامبوونە لەسەر ھەنگاوەکانی ھەرێمی کوردستان بەرەو ئابوورییەکی سەوزی بەردەوام و وەبەرھێنان لە بواری ژینگە و وەبەرھێنانی سەوز.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: بەھۆی گۆڕانی کەشوھەوا، کە ھەندێک لە ئاسەوارەکانی لە عێراق و ھەرێمی کوردستانیشدا دەرکەوتوون و، ھەروەھا بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ووڵاتانی پێشکەوتوو لە بواری وەبەرھێنانی ژینگەییدا بەو پڕۆژانەی کە دەبنە مایەی کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشوھەوا، یان خۆگونجاندن لەگەڵ ئاسەوارەکانییدا، لە ڕێگەی پڕۆژە ھاوبەشەکانی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت و ئاژانسە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و  دۆستانمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و وەبەرھێنەران و بەڵێندەران و ڕێکخراوە ژینگەییە خۆماڵیی و نێودەوڵەتییەکانەوە.

سەرۆکی دەستە ده‌شڵێت: به‌شداری سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هه‌رێمی کوردستان گرینگه‌ چوونكه‌ ئاشناکردنی سەرۆک و سەرکردەکانی جیھان بە ھەوڵە کوردستانییەکان لە چوارچێوەی ھەنگاوە جیھانییەکان لە بواری دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ دیاردەی گۆڕانی کەشوھەوا و دانان و جێکردنەوەی ھەوڵەکانی ھەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی جیھان بۆ گۆڕانی کەشوھەوا و بەھێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ڕێكکەوتننامەی چوارچێوەیی گۆڕانی کەشوھەوا و بەھێزترکردنی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە داڕشتنی ئەو بڕیار و ڕاسپاردانەی لە بواری گۆڕانی کەشوھەوادا دەدرێن، جیا له‌وه‌ش بەرجەستەکردنی ئەو بەڵێنە ژینگەییانەی کە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتوون هه‌روه‌ها خستنەڕووی پێداویستییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕێگرتن لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا و بەھێزکردنی پێگەی شاندی تەکنیکی دەستەی ژینگە و نوێنەرانی وەزارەتەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەلماندنی ئەو ڕاستییەی کە ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە چارەسەر بۆ گرفتە جیھانییەکانی وەک گۆڕانی کەشوھەوا.