نێچیرڤان بارزانی بەشداری لە ڕێوڕەسمی دووبارە کردنەوەی کەنیسەی مێژوویی نۆتردام کرد

نێچیرڤان بارزانی بەشداری لە ڕێوڕەسمی دووبارە کردنەوەی کەنیسەی مێژوویی نۆتردام کرد
پەیامی کورد   ...   نێچیرڤان بارزانی بەشداری لە ڕێوڕەسمی دووبارە کردنەوەی کەنیسەی مێژوویی نۆتردام کرد

ئێواره‌ى ڕۆژی شه‌ممه‌ 2024/12/7  نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رمی ئیمانۆئێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌رۆك و ڕابه‌رانى جیهان له‌ پاریس، بەشداری لە ڕێوڕەسمی دووبارە کردنەوەی مێژوویی نۆتردام دا کرد.

بانگهێشت و بەشداریکردنی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا، نیشانه‌ى دۆستایه‌تى و په‌یوه‌ندی پته‌وى نێوان فه‌ڕه‌نسا و هه‌رێمى كوردستان ه‌، هه‌روه‌ها گرینگی ڕۆڵ و پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر ئاستى ناوچه‌كه‌ و په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا نیشان ده‌دات.

جگه‌ له‌ په‌یوه‌ندی دیپلۆماسى، هاوكاری هاوبه‌شى فه‌ڕه‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ بوارى كلتووریدا، بوارێكى دیكه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولایه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ چه‌ندین بوارى چالاكییه‌ ڕۆشنبیرییه‌كان و شوێنه‌واردا، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ فه‌ڕه‌نسییه‌كاندا، هاوكاری نزیكیان هه‌یه‌.

هه‌ر له‌باره‌ى به‌شداریكردنییه‌وه‌ له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌ په‌یامێكدا له‌سه‌ر تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس، ده‌ڵێت: له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ماكرۆن و سه‌ركرده‌كانى دیكه‌ له‌ پاریس، به‌شداریم له‌ ڕێوڕه‌سمى دووباره‌ كردنه‌وه‌ى ناودارى نۆتردام دا كرد. ئه‌م ڕووداوه‌ مێژوویییه،‌ تێڕوانینێک له‌سه‌ر پاراستنى میراتى هاوبه‌شى مرۆڤایه‌تیمان نیشان ده‌دات. پیرۆزبایى له‌ هاوڕێم سه‌رۆك ماكرۆن ده‌كه‌م بۆ ئه‌م كاره‌ ناوازه‌یه‌.

دواى کۆتاییهاتنی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ى وڵاتان، له‌ كۆشكى ئێلیزێ ئاماده‌ى ئێواره‌خوانێك بوو كه‌ سه‌رۆك ماكرۆن بۆ میوانان و به‌شدارانى ڕێوره‌سمه‌كه‌، ئاماده‌ى كردبوو.

ئەم بابەتە 38 جار خوێندراوەتەوە