وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر حیزبۆڵڵای لوبنان دا سەپاند
تۆمی پیگۆت، جێگری ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەبارەی ئەم سزایانە ڕایگەیاند: "واشینتۆن سزای بەسەر ئەو لایەنانەدا سەپاندووە کە لە بەكارهێنانی کەرتی دارایی نافەرمی لوبنان بۆ درووستکردنی داهات بۆ حیزبۆڵڵا بەردەوامن."
پیگۆت ووتی، ئەو لایەنانە هاوکاری پلانی حیزبۆڵڵایان بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان كردووە، لەنێویان دا "دامەزراوەی دارایی قەرد حەسەن" لە ژێر کۆنترۆڵی حیزبۆڵڵادایە، لەگەڵ تیمی دارایی حیزبۆڵڵا کە بنکەکەی لە ئێرانە.
جەختیشی کردەوە: "حیزبۆڵڵا دامەزراوەی قەرد حەسەن وەک ئامرازێک بۆ تێکدانی دەوڵەتی لوبنان و دابین کردنی بوودجەی چالاکییە تیرۆریستییەکانی بەکاردەهێنێت."
سزاکان کۆمپانیایەکی بازرگانی زێڕ و دامەزراوەی جوودی دەگرێتەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە دامەزراوەی جوودی لەژێر پەردەی رێکخراوێکی ناحکوومی دا کاردەکات، بەڵام لە ڕاستی دا بۆ گواستنەوەی پارە لە ئێرانەوە بۆ حیزبۆڵڵا بەکاردەهێنرێت.
هەروەها چەند کەسایەتییەکیش بەهۆی تێوەگلانیان لەم تۆڕەدا خراونەتە لیستی ڕەشەوە.