دەست بەسەر كردنی هاووڵاتییانی كورد بەشێوەیەكی بەربڵاو لە لایەن هێزە سەركوتكەرەكانی ئێران ەوە بەردەوامە
لە ڕێکەوتی ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، هاووڵاتییەک بە ناوی "فەردین سەیدە" کوڕی سەید خالید، خەڵکی پیرانشار، کە تەنیا ۲ ڕۆژ لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی تێدەپەڕی، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەست بەسەر کراوە.
هەروەها ئەدیب ئەحمەدی نژاد، هەرزەکاری تەمەن ١٧ ساڵ لە شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەست بەسەر کراوە و بۆ شوێنێكی نادیار ڕاگوێزراوە و بنەماڵەكەی هیچ زانیارییەكیان لە دۆخی ناوبراو نییە.
هەروەها لاوێكی دیكەی كورد بە ناوی ئەمیرمحەممەد سەرفراز، كوردی كرمانج و خەڵكی بوجنورد دەست بەسەر كراوە و ماوەی ٢٨ ڕۆژە هیچ هەواڵێك لە دۆخی ناوبراو نییە و بنەماڵەكەی لە چارەنووسی تەواو نیگەرانن.
لە لایەكی دیكەوەوە دوو هاووڵاتی دیكە بە ناوەكانی سیكان ڕەوشەنی و سلێمان گەڕامی، چالاكانی مەدەنی خەڵكی مەلەكشاهی سەر بە ئیلام ماوەی نزیك بە ٢٥ ڕۆژە دەست بەسەرن و هیچ زانیارییەك سەبارەت بە چارەنووسیان نییە.
هەروەها دوو هاووڵاتی دیكە بە ناوەكانی محەممەد مەهدی بەرلاك و عەلی نامیزاد دەست بەسەر و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزراون.
محەممەد مەهدی بەرلاك، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵكی لومار سەر بە بەشی سیروان لە پارێزگای ئیلام لە ڕۆژی ١٩ی ڕێبەندان دەست بەسەر كراوە.
عەلی نامیزاد، خەڵكی ئیلام، بەیانی ١٧ی ڕێبەندان دوای هێرشی هێزە بەكرێگیراوەكان بۆ سەر ماڵەكەی دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزراوە.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕێبەندان، بێهزاد عەبدی هاووڵاتی كوردی خەڵكی گوندی گامێشگۆلی سەر بە میاندوئاو لە لایەن هێزە بەكرێگیراوەكانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزراوە.
ئاكام زەندی، تەمەن ١٨ ساڵ، هاووڵاتییەكی دیكەی كوردی خەڵكی سنەیە، كە شەوی هەینی ١٩ی بەفرانبار دوای هێرشی هێزە ئەمنییەكان بۆ سەر ماڵەكەیان دەست بەسەر و بۆ دەست بەسەرگەی شەهرامفەر گواستراوەتەوە. دوای تێپەڕینی زیاتر لە مانگێك سەبارەت بە چارەنووسی هیچ زانیارییەك نییە.
ئیلیاس جەوانمەرد هاووڵاتییەكی دیكەی كورد، تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵكی لومار سەر بە بەشی سیروان لە پارێزگای ئیلامە، دوای ٢١ ڕۆژ هیچ زانیارییەك لەسەر دۆخی ناوبراو و شوێنی ڕاگیرانی نییە.
جێی ئاماژەیە، بەشی زۆری دەستبەسەر كردنەكان بەبێ فەرمانی دادوەری بووە و ئەو هاووڵاتییانە لە هەموو مافە سەرەتایی یەكانی وەك هەبوونی پارێزەر و سەردانیكردن و پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ خێزانەكانیان بێ بەش كراون.