ئایا شەڕخوازانی ئەورووپی ڕێگە دەدەن ئاشتی بەرقەرار بێت؟

پەیامی کورد ... ئایا شەڕخوازانی ئەورووپی ڕێگە دەدەن ئاشتی بەرقەرار بێت؟
◻️ خەونی دامەزرێنەرانی یەکیتی ئەورووپا ئەوە بوو کە ووڵاتانی ئەورووپا لەسەر بنەمای هاوبەشی مێژوویی خۆیان یەک بگرن و گرووپێک دروست بکەن بۆ درووستکردنی یەک جەمسەری ئابووری و سیاسی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە نێودەوڵەتییەکان. پرسی ئاسایش یەکێک بوو لەو پرسانەی کە ئەورووپییەکان پێیان وابوو دەتوانن بۆ ئەمریکا جێ بهێڵن لەو کاتەدا.
◻️ بێگومان ئەمریکییەکان ئەوەندە گەمژە نەبوون کە ئامادەبن ئاسایشی ئەورووپا بە خۆڕایی دابین بکەن، و دەیانویست ئەورووپییەکان کار بکەن بۆ درووست کردنی ژێرخانی ئابووری کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکات وەک پێشەنگی ڕۆژئاوا و ئەم ژێرخانە ئابوورییە بۆیان تێکبدات.
◻️ لە ڕاستی دا ئەوە ڕوویدا. ئەمڕۆ دەبینین هاتنە ناوەوەی بێباکانە بۆ ناو شەڕی ئۆکراین و پاڵپشتیکردن لە سەرگەرمیەکانی نێئۆنازییەکان دژ بە ڕووسیا بووەتە هۆی هەڵاتنی وەبەرهێنەرانی ئەورووپی و ئابووری ئەورووپا ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورە ببێتەوە.
◻️ لە لایەکی ترەوە دابەش بوون لە نێوان ئەورووپییەکان زۆر دیارە.
هەندێک وڵات وەک ئینگلتەرا و فەڕەنسا و ئاڵمانیا کە خۆیان بە پێشەنگی ئەورووپا دەزانن هەوڵ دەدەن دەستەڵاتی سیاسەتی ئەورووپا بگرنە دەست و هەندێکی تریش وەک هەنگاریا و ئیسپانیا و سربیا و هەندێک ووڵاتی سکاندیناڤیا ئامادە نین خۆیان بخەنە ناو ئەو سەرگەرمیانە.
◻️ ئێستا کە ڕژێم لە ئەمریکا گۆڕاوە و ئەم ڕژێمە بە دوای سازش کردن دایە لەگەڵ ڕووسیا، تێبینی دەکرێت کە بەشێک لە سەرکردەکانی ووڵاتانی ئەورووپا کە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕووسیا لە کورسییەکی گەرم دا بوون، لە دەرگا و دیوار دەدەن بۆ ڕێگریکردن لە ئاشتی.
◻️ ماریا زاخارۆڤا ڕایگەیاند، دیپلۆماتکارانی ڕووسیا ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی نێوان پووتین و ترامپ دەکەن لە بووداپێست. لە دیداری ئەم دوایی یەی ترامپ و زێلێنسکی، تێبینی کرا کە ترامپ بە ڕاشکاوی پێداگری لەسەر ئەوە کردبوو کە زێلێنسکی پێویستە ملکەچی ڕووسیا بێت و داواکارییەکانی ڕووسیا قبووڵ بکات بۆ ئەوەی ئاشتی بەرقەرار بکات، هەروەها ڕایگەیاند کە ئەمریکا مووشەکەکانی تۆماهۆک ڕادەستی ئۆکراین ناکات، چوونکە خۆی پێویستی بەو مووشەکانە هەیە.
◻️ هەندێک پێیان وایە ئەمریکا نیگەرانە لە دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئێران یان چین و نایەوێت ئەو مووشەکانە لەدەست بدات. بەڵام پێدەچێت ترامپ پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا بۆ وەستاندنی شەڕی ئۆکراین بە هەر نرخێک بێت و هەندێک ووڵاتی ئەورووپی هەوڵی ئەوە دەدەن کە ئەمە ڕوونەدات.
◻️ ئێستا دەبێت بزانین لە کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان پووتین و ترامپ چی ڕوودەدات و ئایا هەردوو سەرۆک دەتوانن بگەنە ڕێککەوتنێک کە بە هەنگاوێک بۆ ئاشتی هەژمار بکرێت؟ لە هەر حاڵەتێک دا هەموو جیهان بە هیوای ئەوەن کە ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە هۆی دەرئەنجامێک کە ببێتە هۆی ئاشتی. بێگومان جگە لە شەڕخوازانی ئەورووپی.
ئەم بابەتە 11 جار خوێندراوەتەوە




