بەردەوامیی تاڵانکردنی زەیتوون لە عەفرین

بەردەوامیی تاڵانکردنی زەیتوون لە عەفرین


پەیامی کورد- عەفرین
ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی "سوورییەکان بۆ ڕاستی و دادپەروەری" ئاشکرای کردووە، کە  گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەی عەفرین، لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەتایبەتی لە دژی جووتیارانی کوردزەیتوون و خاوەن کارگەکانی ڕۆن، بەردەوامن لە تاڵانکردن و هەراسانکردن، کە ئەمەش باری قورساییەکی مادی و مەعنەویی گەورەی بۆ دانیشتووان دروست کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوەکەدا هاتووە: "٣٩ شایەتحاڵ لە جووتیاران و خاوەن زەوییەکان، کە هەموویان کوردن، دووپاتیان کردووەتەوە کە باجی جیاواز بەپێی گرووپی کۆنترۆڵکەر و گوندەکە سەپێنراوە، کە هەموو قۆناغەکانی پیشەسازیی زەیتوونی گرتووەتەوە".
ڕاپۆرتەکە ڕوونیکردووەتەوە: "ئەو گرووپانەی بەرپرسیارن لەم پێشێلکارییانە بریتین لە "هێزی عەمشات، حەمزات، سوڵتان موراد، مونتەسیر بیللاه، موعتەسیم بیللاه، فیرقەی نۆیەم، فەیلەقی شام، و فەسیلی ٥١ی سەر بە بەرەی شام"، و ڕەتکردنەوەی پێدانی باجەکەش جووتیارانی تووشی لێدان، دەستگیرکردن، دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکانیان، و هەندێک جاریش بڕینەوەی درەختە زەیتوونەکانیان کردووە".
ڕاپۆرتەکە جەختی لە "مافی قوربانییان بۆ داواکردنی قەرەبووی دادپەروەرانە" کردووەتەوە، و داوای "پاراستنی مافەکانی جووتیارانی لە گرووپە چەکدارەکان کردووە، کە هێشتا کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر ناوچە فراوانەکانی عەفریندا دەپارێزن، سەرەڕای ڕاگەیاندنی یەکگرتنیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی سووریا"، و "لێپرسراوێتیی دابینکردنی پاراستنی یاسایی و بژێویی ژیانی بۆ دانیشتووان" خستووەتە ئەستۆی "لایەنە فەرمییەکان".

ئەم بابەتە 50 جار خوێندراوەتەوە