ئەمریکا سێ هەفتە مۆڵەت بەبە‌غداد دەدات

ئەمریکا سێ هەفتە مۆڵەت بەبە‌غداد دەدات

بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لەپەیامێکی ڕاستەوخۆدا کورتترین مۆڵەتیان بەبەرپرسانی حکومەتی عێراق داوە بۆ دانانی پلانێکی کردەیی بۆ چەک داماڵینی حەشدی شەعبی، لەبەرامبەردا ئێران جموجۆڵەکانی لەعێراق زیادکردوە و پێشبینیدەکرێت عێراق لەداهاتودا ببێتە گۆڕەپانی شەڕ لەنێوان ئیسرائیل‌ و ئێران

سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراق بەماڵپەڕی ئیرەم نیوزی وتوه‌، لەمدواییانەدا عێراق نامەیەکی لەمارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێگەیشتوە لەڕێگەی دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکانەوە

ڕۆبیۆ جەختیکردوەتەوە، حکومەتی عێراق بەزووترین کات پلانێک بۆ داماڵینی چەک لەدەستی حەشدی شەعبی دابڕێژێت و واشنتۆنیش لەم هەوڵەدا هاوکاری بەغدا دەکات

پەیامەکەی ڕۆبیۆ  ڕون بوو "سزایەکی توند" دەسەپێنێت ئەگەر عێراق بەخێرایی هەنگاو نەنێت بۆ چەکداماڵینی هێزەکانی حەشدی شەعبی

هەمان هەڵوێست لەلایەن ستیڤن ڤەیگن هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغداد، لەمیانی دیدارەکەیدا دوپاتکراوەتەوە، ڤەیگن ئاماژەی بەوەداوە، واشنتۆن وادەیەکی بەبەغدا داوە لەسێ هەفتە زیاتر نەبێت بۆ ئەوەی پلانێکی کردەیی لەوبارەوە دابڕێژێت، ئەگەرنا ڕوبەڕووی زنجیرەیەک سزادەبێتەوە

 

ئەو ماڵپەڕە لەچەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایکردوە، ئەریج مەسجدی جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران هەفتەی ڕابردوو بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی گروپە چەکدارەکان‌ و ئامادەکارییەکانیان بۆ قۆناغی داهاتوو سەردانی بەغداد و ژمارەیەک شارو شوێنی دیکەی عێراقی کردووە

 

پەیامی کورد

ئەم بابەتە 103 جار خوێندراوەتەوە