ئیدارەی خۆسەر: لامەرکەزیەت وەک بانگەوازێک بۆ جیابوونەوە، دوورە لەڕاستی

ئیدارەی خۆسەر: لامەرکەزیەت وەک بانگەوازێک بۆ جیابوونەوە، دوورە لەڕاستی


پەیاما کورد- قامیشلۆ
دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند: "وەسفکردنی حوکمڕانی بەشداریی و لامەرکەزی و داوای ئاشتەوایی نیشتمانی وەک داوای جیابوونەوە وەسفێکە کە پێچەوانەی ڕاستی و واقیعە و لە ڕاستیدا دەبێتە هۆی زیادبوونی دووبەرەکی لە نێوان سوورییەکان نەک پتەوکردنی یەکڕیزییان".
لە بەیاننامەیەکدا کە لە پێگەی فەرمی خۆیدا بڵاویکردۆتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە: "باسکردنی ڕێژەی دانیشتوان و جیاکردنەوەی پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە یەکتر ڕێبازێکی هەڵەیە کە هەڕەشە لە بناغەکانی پێکەوەژیان دەکات.
جەختی لەوە کردەوە کە هەموو ئەو لیژنە تایبەتمەندانەی کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە سەرچاوە دەگرن، لەوانەش ئەوانەی پەیوەندییان بە پرسە دەستوورییەکان، کارگێڕییەکان، ئەمنییەکان و خزمەتگوزارییەکان هەیە، بە تەواوی ئامادەیی دەمێننەوە بۆ دەستپێکردنی کارەکانیان هەر کە کاتی گونجاو لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە دیاریکرا.
ڕوونیشی کردەوە کە کار لەسەر کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان دەکات، لەوانە دەروازەی قامیشلۆ- نوسەیبین، بۆ دڵنیاکردنەوەی وڵاتانی دراوسێ کە سیاسەتی ئیدارەی خۆسەر لەسەر بنەمای کراوەیی و هاوکارییە، نەک گۆشەگیری و دوورخستنەوە. 
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "بە پشتبەستن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و مێژووییمان بەرامبەر بە ئایندەی سوریا و گەلەکەی بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە، پابەندبوونی نەتەوەیی خۆمان بە یەکگرتوویی سوریا و خاکەکەی و گەلەکەی دووپاتدەکەینەوە، هەروەها ڕەتکردنەوەی هەر پرۆژەیەک یان پێشنیارێک کە یەکپارچەیی خاکەکەی تێکبدات یان ببێتە هۆی دابەشبوونی وڵاتەکەی". 
ڕوونیشیکردەوە، ڕێککەوتنی 10ی ئازار و کۆبوونەوەکانی دواتر لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و سەرۆکی سوریا بڕگەیەکی گرنگ بوون لە دۆزینەوەی زەمینەی هاوبەش بۆ گفتوگۆی بنیاتنەر.

ئەم بابەتە 34 جار خوێندراوەتەوە