سێنتکام بژاردەی سەربازی بۆ ترامپ ئامادە کردووە ئەگەر دانووستانەکان لەگەڵ ئێران شکست بهێنن

سێنتکام بژاردەی سەربازی بۆ ترامپ ئامادە کردووە ئەگەر دانووستانەکان لەگەڵ ئێران شکست بهێنن
پەیامی کورد   ...   سێنتکام بژاردەی سەربازی بۆ ترامپ ئامادە کردووە ئەگەر دانووستانەکان لەگەڵ ئێران شکست بهێنن

 

مایکل کۆریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکام)، بە ئاماژەدان بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئیسلامی کە لە ئەگەری شکستی دانووستانە ئەتۆمییەکان دا، کردەی سەربازی لە دژی کۆماری ئیسلامی کەڵک وەردەگرێت، ووتی: “بژاردەی بەرفراوان”ی خستووەتە بەردەم ترامپ و وەزیری بەرگری ئەمریکا.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، کۆریلا ڕۆژی سێشەممە ١٠ی خەرمانان لە ووڵامی پرسیارێکی نوێنەری مایک ڕاجرز، کۆماریخوازی ویلایەتی ئەلاباما و سەرۆکی لێژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، لە دانیشتنی ئەو لیژنەیەدا پشتڕاستی کردەوە کە سێنتکام ئامادەیە بە "هێزی یەکلاکەرەوە" هەنگاوی سەربازی لە دژی کۆماری ئیسلامی بگرێتەبەر ئەگەر ترامپ فەرمانێک دەربکات.

کۆرێلا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران، ئەگەری بەرکەوتنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا زیاتر دەبێت.

سەبارەت بە ئامادەیی هێزەکانی فەرماندەیی لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، فەرماندەی سێنتکام ووتی: “ئێمە ڕۆژانە دۆخی جێگیرکردن و ئاستی مەترسییەکان هەڵدەسەنگێنین و لەسەر بنەمای ئەوە گۆڕانکاری دەکەین، هەروەها ئامێر و سیستەمی نوێ جێگیر دەکەین”.

مایک هاکابی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە ئەمریکا بەدوای چارەسەرێکی دیپلۆماسی دا دەگەڕێت بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و ترامپ ئامادەیە هەنگاوی یەکلاکەرەوە بگرێتەبەر ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن.

ڕۆژنامەی هائارێتس هەروەها ڕۆژی سێشەممە بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەیوەندییە تەلەفۆنیییەکەی نێوان ترامپ و بێنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، کە ناتانیاهوو داوای لە سەرۆکی ئەمریکا کردووە کۆتایی بە دانووستانەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بهێنێت.

بەپێی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، ترامپ لە ووڵامی ناتانیاهوودا جەختی لەوە کردەوە کە نابێت پرسی هێرشی سەربازی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەبەردەم خەڵکدا بورووژێنرێت و ئیسرائیل لەم کاتەدا گڵۆپی سەوز بۆ هێرشێکی لەو شێوەیە وەرناگرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ووتی کە ئاژانسەکە ئاگاداری نیگەرانییەکانی ئیسرائیل ە سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی.

ئاماژەی بەوەشکرد : ئەمە پرسێکی نوێ نییە، بەڵام هەوڵ دەدەین بەشێوەیەکی دیپلۆماسی ئەم پرسە چارەسەربکەین.

گرۆسی لە ٩ی حوزەیران بە کەناڵی I24ی ئیسرائیلی وتووە: ئێرانییەکان پێیان وتم ئەگەر هێرش بکرێتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان، ئەوا هەوڵی درووستکردنی چەکی ئەتۆمی دەدەن.

ئەم بابەتە 35 جار خوێندراوەتەوە