فەڕەنسا : هێرشەکانی ئەم دوایی یەی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی باشووری بەیرووت سەركۆنە دەکەین

پەیامی کورد ... فەڕەنسا : هێرشەکانی ئەم دوایی یەی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی باشووری بەیرووت سەركۆنە دەکەین
فەڕەنسا، هێرشەکانی ئەم دوایی یەی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی باشووری بەیرووت سەركۆنە کرد و داوای لە ئیسرائیل کرد "بە زوترین کات لە خاکی لوبنان بکشێتەوە" و دەڵێت، "هەڵوەشاندنەوەی پێگە سەربازییە بێ مووڵەتەکانی خاكی لوبنان، لە ئەستۆی هێزە چەکدارەکانی ئەو ووڵاتە دایە".
وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا، هەینی لە ڕاگەێندراوێكدا بڵاویكردەوە، پاریس داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات ڕێز لە ڕێککەوتنی ئاگربەست بگرن و سەركۆنەی هێرشەكانی ئەم دوایی سەر لوبنانی کرد.
ئاماژەی بەوەش كرد، فەڕەنسا دووپاتی دەکاتەوە کە میکانیزمی چاودێریکردن بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە شوێنی خۆی دایە بۆ یارمەتیدانی لایەنەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان و ڕێگریکردن لە هەر پەرەسەندنێک کە زیان بە ئاسایش و سەقامگیری لوبنان و ئیسرائیل بگەێنێت.
وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا جەختی لەوەش کردەوە، "هەڵوەشاندنەوەی پێگە سەربازییە بێ مووڵەتەکان لەسەر خاکی لوبنان بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی هێزە چەکدارەکانی لوبنانە، كە بە پاڵپشتی هێزی کاتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە لوبنان (یوونیفیل) ئەو كارە دەكات و پێویستە ئیسرائیل بكشێتەوە".
ئێوارەی پێنجشەممە ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بۆ سەر مۆڵگەکانی حێزبۆڵڵای لوبنان دەستپێکرد، کە تووندترین هێرشی لە دوای ڕێککەوتنی ئاگربەستی (تشرینی دوەم/11)ی 2024ـەوە بو، ڕۆژی هەینی هەڕەشەی بەردەوام بوونی لە هەڵمەتەکانی کرد ئەگەر حکوومەتی لوبنان ئەو حیزبە چەک نەكات.
لای خۆیەوە جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان، "پێشێل کردنی ئاشکرا"ی ئاگربەستەکەی سەركۆنە کرد، دوای هەڵکوتانە سەر ناوچەکانی باشووری بەیرووت .دوایین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکی باشوری شارەکە لە 17ـی (نیسان/4) ئەنجام درا.





