موستەفا هیجری : لە شۆڕشی ژینا ئەوەی باڵادەستی دەنوێنێ ئیرادەی نەتەوە ماف ویستەکان بۆ گۆڕینی ئەم ڕێژیمەیە 

موستەفا هیجری : لە شۆڕشی ژینا ئەوەی باڵادەستی دەنوێنێ ئیرادەی نەتەوە ماف ویستەکان بۆ گۆڕینی ئەم ڕێژیمەیە 
پەیامی کورد   ...   موستەفا هیجری : لە شۆڕشی ژینا ئەوەی باڵادەستی دەنوێنێ ئیرادەی نەتەوە ماف ویستەکان بۆ گۆڕینی ئەم ڕێژیمەیە 

موستەفا هیجری، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان " ڕۆژهەڵات " بەبۆنەی سێهەمین ساڵوەگەڕی شۆرشی ژینا، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم شێوەیە :

سێهەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی "ژینا"، بە درووشمی" ژن، ژیان، ئازادی" لە هەلومەرجێکی تایبەت دایە. سێ ساڵ دوای شەهید کردنی ژینا ئەمینی، کچە کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن دام ودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی دەسەڵاتی ناوەندەوە، دۆخی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات و ئێران و هەروەها دۆخی دەسەڵاتی ناوەندی لەگەڵ گۆڕانکاری قووڵ و هەلومەرجی نوێ بەرەوڕوویە.

قۆناغی دوای شۆڕشی ژینا، نە تەنیا بۆ کوردستان بەڵکوو بۆ ئێران و بگرە ناوچەکە، نوختەگۆڕانێکی گەورەیە. لەلایەک، پرسی ژیان و مافەکانی ژنان و بەهاکانی ئازادی و کەرامەتی تاک و کۆی نەتەوە ستەم لێکراوەکان و هەموو کۆمەڵگەی ئێران لە ڕۆژەڤ و لە ململانێی بەردەوام لەگەڵ دەسەڵات دایە؛ لەلایەکی دیکەوە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە دۆخی بنبەستی سیاسی و بەڕێوەبەری و هەڵگری کۆمەڵێک قەیرانی چارەسەرنەکراودایە و ئەگەر هێزی سەرکوت و شەڕئەنگێزی لێ بەدەر بێت، توانای بەڕێوبەری و مانەوەی نەماوە. بەستێنێکی گەورەتری ئەم هاوکێشەیە، هاوکات بوونی بەریەککەوتنی ڕێژیم و دژبەرانی لە دوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی دایە، لەلایەک خەڵکی ئێران و لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

سەرکوتی بەربڵاوی شۆڕشی ژینا، نە تەنیا نەیتوانی هێزی نەتەوە ماف ویستەکان پەراوێز بخات، بەڵکوو ململانێی نێوان ئیرادەی ئازادی و هێزی سەرکوتی بەرینتر کردووەتەوە و ئەوەی باڵادەستی دەنوێنێ ئیرادەی نەتەوە ماف ویستەکان و ئازادی خوازنە بۆ گۆڕینی ئەم ڕێژیمە و بونیاتنانی ئێرانێکی ئازاد بەڵام بەدوور لە چەوساندنەوە و عەقڵییەتی پاوان خوازانە و حاشالێکەرانە.

لە سێهەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینادا، سڵاو دەنێرم بۆ ژنان و لاوانی پێشەنگ و کۆمەڵگەی ڕچەشکێنی کوردستان و سەرجەم ئازادیخوازان و نەتەوە ماف خوازەکانی ئێران.

سڵاوی ڕێز و وەفا دەنێرم بۆ شەهیدانی شۆڕشی ژینا و بنەماڵە سەربەرزەکانیان و برینداران و قوربانییانی ئەم بزووتنەوەیە.

موستەفا هیجری
سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان "ڕۆژهەڵات "
٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٤
١٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٥
 

ئەم بابەتە 6 جار خوێندراوەتەوە