میدیاکانی ڕۆژئاوا : ئەمریکییەکان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران دا ئەورووپایان پەراوێزخست

میدیاکانی ڕۆژئاوا : ئەمریکییەکان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران دا ئەورووپایان پەراوێزخست
پەیامی کورد   ...   میدیاکانی ڕۆژئاوا : ئەمریکییەکان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران دا ئەورووپایان پەراوێزخست

میدیاکانی ڕۆژئاوا پێیان وایە کە ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران دا ئەورووپییەکانی پەراوێز خستووە و ڕووی کردووەتە هاوپەیمانانی ناوچەکە.
لە پڕۆسەی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نوێ لەگەڵ ئێران، ئەمریکا ئەورووپای پەراوێزخستووە و ووڵاتانی عەرەبی و ڕێکخراوی جی سی وەک سەعوودیە، ئیمارات، عوممان و قەتەری کردە یاریزانی سەرەکی لەم پرۆسەیەدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک ، میدیاکانی بەریتانیا لە ووتارێکدا بە ئاماژە بە هەوڵەکانی کۆشکی سپی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی دوو قۆڵی لەگەڵ ئێران بڵاویان کردەوە کە ئەمریکا لەم دانووستانانەدا ئەورووپای پەراوێز خستووە و ڕووی لە ووڵاتانی جی سی سی کردووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی فاینانشیاڵ تایمز، ووڵاتانی جی سی سی لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، جێگەی ئەورووپایان گرتووە.

گۆڕانکارییەکە بەشێکی ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە چۆن سیاسەتی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەمایەتیدان بە ووڵاتەکەی و پەراوێزخستنی هاوپەیمانە تەقلیدییەکانی ئەورووپا، فەزای زیاتری بۆ زلهێزە ناوەڕاستەکانی وەک GCC ڕەخساندووە کە کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هەبێت.

لە کاتێکدا کە ئیدارەی ئۆباما لە ڕێککەوتننامەی بەرجام پرۆسەیەکی فرەلایەنەی بەدواداچوون کە بەریتانیا، ئاڵمانیا، فەرەنسا، ڕووسیا و چین تێیدا بەشداربوون، ترامپ بە شێوەیەکی کاریگەر بەدوای ڕێککەوتنێکی خێرای دوولایەنە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دا دەگەڕێت.

هەروەها ئەم پەرەسەندنە ئاماژەیە بۆ کەم بوونەوەی تووندوتیژی ڕوون لە نێوان ئەکتەرەکانی کۆمەڵەی جیهانی لەگەڵ ئێران، بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی بەریتانیا. سەعوودیە و ئیمارات کە دەیان ساڵە لەگەڵ ئێران ناکۆکییان هەیە، ئێستا هەوڵی کەم کردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ تاران دەدەن و ڕێگری لە شەڕێکی دیکە لە ناوچەکەدا بکەن.

لە ئەنجامدا، ڕیاز و ئەبووزەبی کە سەردەمانێک لایەنگری سەرسەختی بڕیارەکەی ترامپ بوون بۆ کشانەوە لە بەرجام لە ساڵی ٢٠١٨ و جێبەجێکردنی سیاسەتی "زۆرترین فشار" لەسەر ئێران، ئێستا بە ئاشکرا پشتگیری لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئەتۆمی نێوان تاران و ڕۆژئاوا.

بەم شێوەیە، ووڵاتانی GCC بە کەڵک وەرگرتن لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ترامپ، وەک بەرپەرچدانەوەیەک بۆ بێنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کاردەکەن، کە خوازیاری هەنگاوی سەربازییە.

هەر لەم پێوەندییەدا، شارەزایەکی پرسەکانی ئێران لە گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: “پاڵپشتی ووڵاتانی ڕێکخراوی جی سی سی یارییەکە دەگۆڕێت، چوونکە ئەم ووڵاتانە کاریگەرییەکی زۆریان لە واشینتۆن هەیە”.

عەلی واعز جەختی لەوە کردەوە: لە خولی یەکەمی دا ترامپ لە ژێر کاریگەری نەتانیاهۆ و محەمەد بن سەلمان دا بوو، کە دژی ڕێککەوتنەکە بوون لەگەڵ ئێران، بەڵام ئێستا سەعوودیە پاڵ بە ترامپ ەوە دەنێت بەرەو ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، محەمەد بن سەلمانیش لە ناتانیاهوو کاریگەری زیاتری هەیە، ئەمەش زۆر گرینگە.

شایانی باسە کە دانووستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئیدارەی ترامپ و ئێران لە لایەن عوممانەوە ئاسانکاری بۆ دەکرێت، ووڵاتێک کە لە مێژە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تاران هەیە و هەوڵ دەدات خۆی وەک زلهێزێکی بێ لایەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا پیشان بدات. ئەم دانووستانانە لەلایەن قەتەریشەوە پاڵپشتی دەکرێن؛ ووڵاتێکی بچووک کە میوانداری گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکا دەکات لە ناوچەکە و تا ئێستاش پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئێران هەیە.

بڵاوکراوەی بەریتانی سەردانی وەزیری بەرگری سەعوودیەی بۆ ئێران بە هەوڵێک بۆ کەم کردنەوەی گرژییەکان وەسف کرد و پەیامی ئەم سەفەرەی بە دڵنیایی بۆ بەرپرسانی ئێران زانی؛ ئەم دڵنیاکردنەوە لەوەی کە ڕیاز دەیەوێت وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بپارێزێت و بەشداری لە هیچ کارێکی دوژمنکارانەدا ناکات.

بە پێی ڕاپۆرتی فاینانشناڵ تایمز، ئەم ووڵاتانە نیگەرانن لەوەی ئەگەر دانووستانەکان شکست بهێنن و ململانێ لە نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل دەست پێ بکات، ئەوە دامەزراوە نەوتییەکان و ژێرخانەکانیان زیانیان پێدەگات؛ بۆیە دەیانەوێت خۆیان لە هەر ململانێیەکی نێوان ئەمریکا و ئێران بەدوور بگرن.

بە پێچەوانەی ووڵاتانی GCC، حکوومەتەکانی ئەورووپا کە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە دانووستانەکانی بەرجام دا هەبووە، ئێستا پەراوێزخراون. بەرپرسانی ئەورووپا لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵەوە چەندین خولی دانووستانی ئاست نزمیان لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکانیان ئەنجامداوە، بەڵام دیپلۆماتکارانی ئەورووپی دانیان بەوەدا ناوە کە ڕۆڵی ئەوان لە دانووستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سنووردار بووە.

هەروەها لەم ساڵانەی دوایی دا گرژییەکانی نێوان ووڵاتانی ئەورووپایی و ئێران زیاتر بوون؛ چوونکە دوای ئەوەی ئەمریکا بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە بەرجام کشایەوە، ئەورووپییەکان نەیانتوانی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئێران بپارێزن.

سەنەم وەکیل، بەڕێوبەری پرۆگرامی ڕۆژئاوای ئاسیا لە دامەزراوەی بیرکردنەوەی چاتام هاوس دەڵێت: "ئەورووپاییەکان بە تووندی پەراوێزخراون". "ئەوان بەتەواوی لەو شوێنەدان کە نەیانویستووە: لە ژووری دانووستاندا نین، ناتوانن پرسەکانیان بورووژێنن، و ناتوانن خۆیان لە میکانیزمی دەستپێکردن بەدوور بگرن. ئەمە خراپترین سیناریۆی ئەگەرییە بۆ ئەوان."

ئەم بابەتە 14 جار خوێندراوەتەوە