نیگەرانییەکان لەسەر بڵاوبوونەوەی هەوکردنی نوێی کۆئەندامی هەناسەدان لە چین زیاتر دەبن
پەیامی کورد ... نیگەرانییەکان لەسەر بڵاوبوونەوەی هەوکردنی نوێی کۆئەندامی هەناسەدان لە چین زیاتر دەبن
لەگەڵ سەرهەڵدانی هەوکردنی نوێی کۆئەندامی هەناسەدان لە چین و نیگەرانی گشتی، ووڵاتەکە ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتر دەکات.
چین لەگەڵ بەرزبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی هەناسەدان دەجەنگێت کە بووەتە هۆی قەرەباڵغی لە نەخۆشخانەکان و ڕێوشوێنی فریاگوزاری و نیگەرانی گشتی لە بڵاوبوونەوەی بەرفراوان. ئەم ڤایرۆسە کە بە "ڤایرۆسی میتاپنیۆمی مرۆڤ" ناسراوە، لە زستانی ئەمساڵدا لە پارێزگاکانی باکوری چین بڵاوبووەتەوە، بەتایبەتی لەنێو منداڵاندا. وێنە و ڤیدیۆ لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە کە خەڵک لە نەخۆشخانەکاندا دەمامکیان لەبەردایە و ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن کە دیمەنەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی میتاپنیۆمومۆ هاوشێوەی ڕۆژانی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩یە.
دەسەڵاتدارانی تەندرووستی چین ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ چاودێریکردن و بەڕێوەبردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە جێبەجێ دەکەن. هاوکات ماو نینگ، ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت، ڕووداوەکە گرینگ نییە و هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدان ساڵانە لە وەرزی زستاندا لووتکە دەگرێت.
تا ئێستا لە هۆنگ کۆنگ چەندین حاڵەتی تووشبوون بەم نەخۆشییە تۆمارکراوە. هەروەها ووڵاتانی دراوسێی وەک کەمبۆدیا و تایوان بە ووردی چاودێری دۆخەکە دەکەن. وەزارەتی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان لە کەمبۆدیا هۆشداری سەبارەت بە نەخۆشییەکە بڵاوکردەوە و بە ئاماژەدان بە هاوشێوەیی نەخۆشییەکە لەگەڵ کۆڤید-19 و ئەنفلۆنزا. لە لایەکی دیکەوە سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکانی تایوان ڕایگەیاندووە کە ڤایرۆسەکە مەترسی زیاتر بۆ سەر منداڵان و بەساڵاچووان و کەسانی بەرگری لاواز دەکات.
ڤایرۆسی میتانیۆمۆی مرۆڤ یان HMPV ڤایرۆسێکی کۆئەندامی هەناسەیە کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی سەرمابوون و هاوشێوەی ئەنفلۆنزا. لە کاتێکدا نەخۆشییەکە بەزۆری سووکە، بەڵام دەتوانێت ببێتە هۆی ئاڵۆزییە تووندەکانی وەک هەوکردنی سییەکان لە کۆرپە و کەسانی بەساڵاچوو و ئەوانەی سیستەمی بەرگرییان لاوازە.
ئەم ڤایرۆسە تازە نییە و بۆ یەکەم جار 24 ساڵ لەمەوبەر دەست نیشانکرا. بەڵام ئەم جارە بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکان بەتایبەتی لە منداڵانی خوار تەمەنی ١٤ ساڵ لە باکووری چین سەرنجی دراوە.
ڤایرۆسی میتاپنیۆمۆی مرۆڤ لە ڕێگەی دڵۆپە هەناسەییەکان یان بەرکەوتن لەگەڵ ڕووکاری پیس دا بڵاودەبێتەوە و نیشانەکانی بریتین لە کۆکە، تا، گیرانی لووت و ماندویەتی. ئەم نەخۆشیە بە پێچەوانەی کۆرۆناوە ڤاکسینی نییە.
ئەم بابەتە 11 جار خوێندراوەتەوە