هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستگیرکردنی "ئەندامێکی مەترسیداری داعش" لە ڕەقە ڕاگەیاند

هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستگیرکردنی "ئەندامێکی مەترسیداری داعش" لە ڕەقە ڕاگەیاند


پەیاما کورد- قامیشلۆ
ئەمڕۆ سێشەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، ئەندامێکی داعشی "مەترسیدار"یان لە ڕەقە دەستگیرکردووە.
لە بەیاننامەیەکدا، هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاندووە، "شەممەی ڕابردوو ئۆپەراسیۆنێکی وردی ئەمنی بۆ دەستگیرکردنی یەکێک لە مەترسیدارترین ئەندامانی شانەکانی داعش لە ڕەقە ئەنجامدرا".
ڕوونیشیکردووەتەوە "ئۆپەراسیۆنەکە دوای چەند مانگێک لەچاودێری وردی جموجۆڵ و چالاکییەکانی حەسەن جافلی، نازناوی ئەبوو عەبدۆ بووە. هێزەکانمان توانیان شوێنی حەشاردانی بدۆزنەوە و گەمارۆیەکی ئەمنی توند بەدەوریدا بسەپێنن و دواتر دەستگیری بکەن".
سوریای دیموکرات ڕایگەیاند "جەفلی لە دروستکردنی تەقەمەنی تی ئێن تی کاردەکات و بەسەر ئەندامانی شانەدا دابەشی دەکات. ئەو کۆگای خۆی بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی ئەو تەقەمەنیانە، ئەمەش وەک بەشێک لە پیلانێکی زیانبەخش و تاوانکاری بۆ بەئامانجگرتنی خاڵە سەربازییەکان و ناوەندەکانی هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ، هەروەها بۆ بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێل و کۆبوونەوەی مەدەنی بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی تیرۆر و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە". 
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە کاتی هەڵمەت و ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنەکەدا، دەست بەسەر ١٨٠ بلۆکی تی ئێن تی و ئامێری کۆنترۆڵکردن و تەقێنەر و سووڕی ئەلیکترۆنیدا گیراوە، جگە لە ژمارەیەک ئامێری مۆبایل و بڕە پارەیەک".

ئەم بابەتە 27 جار خوێندراوەتەوە