پەیامی وەزیری بەرگری ئەمریکا بە عێراق: ئۆپراسیۆنێکی سەربازی گەورە بەڕێوەیە

پەیامی وەزیری بەرگری ئەمریکا بە عێراق: ئۆپراسیۆنێکی سەربازی گەورە بەڕێوەیە
پەیامی کورد   ...   پەیامی وەزیری بەرگری ئەمریکا بە عێراق : ئۆپراسیۆنێکی سەربازی گەورە بەڕێوەیە

بەگوێرەی میدیایەکی عێراقی، وەزیری بەرگری ئەمریکا هۆشداری داوەتە وەزیری بەرگری عێراق، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئۆپراسیۆنێکی سەربازی گەورە لە ناوچەکە ڕوودەدات و نابێت بە هیچ شێوەیەک گرووپە لە یاسا دەرچووەکان دەستتێوەردانی تێدا بکەن، ئەگەر نا دەرەنجامەکەی زۆر خراپ دەبێت.

سابت عەباسی، وەزیری بەرگری عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ پێگەی هەواڵی مەدا، ئاشکرای کردووە، پیت هێگسێس، وەزیری بەرگری ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا هۆشداری داوەتە بەرپرسانی باڵای سەربازی عێراق سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ئۆپراسیۆنێکی گەورەی سەربازی لە ناوچەکەدا لە ماوەیەکی نزیکدا.

بەگوێرەی قسەکانی عەباسی، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا کە جاشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ڕێکی خستبوو، جگە لە خۆی، سوپاسالاری عێراق، جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان، یاریدەدەری ئۆپراسیۆنەکان و بەڕێوبەری هەواڵگری سەربازی عێراقیش بەشدار بوونە.

وەزیری بەرگری عێراق ڕایگەیاندووە، هێگسێس پێی گوتووە ئەمەریکا ئاگاداری ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی چاوەڕوانکراوە لە ناوچەکە، کە ئەگەری هەیە ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی ئێران ئەنجامی بدەن و هۆشداری داوەتە فەرماندە سەربازییەکانی عێراق نابێت بە هیچ شێوەیەک گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق لە هەر ململانێیەکدا بەشدار بن.

ئەو میدیایە باسی لەوەش کردووە، ئەمە کۆتا هۆشداری یە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ بەغدا، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر کاردانەوەیەکی گرووپە چەکدارەكانی عێراق بەرانبەر بە هەر جووڵەیەکی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، ئاماژەشی بەوە کردووە، وەزیری بەرگری ئەمریکا لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا بە ڕوونی ووتوویەتی: "ئەمە دوا ئاگادارکردنەوەی ئێوەیە و ئێوە باش دەزانن ووڵامی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا چۆن دەبێت.
 

ئەم بابەتە 8 جار خوێندراوەتەوە