گەنجانی پەکەکە هێرش دەکەنە سەر خۆپیشاندانێکی هاوڵاتیان لە کۆبانی

گەنجانی پەکەکە هێرش دەکەنە سەر خۆپیشاندانێکی هاوڵاتیان لە کۆبانی


پەیامی کورد- کۆبانی
سەرچاوە خۆجێیەکانی شاری کۆبانی لە رۆژئاوای کوردستان، ڕۆژی هەینی، رایانگەیاند کە هاوڵاتیان دوای نوێژ، لەبەردەم مزگەوتی گەورەوە بەرەو بارەگای ئەوەی پێی دەوترێت "شەبیبەی شۆڕشگێڕ"، کە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سەرپەرشتی دەکرێت، خۆپیشاندانێکیان بۆ داواکردنی ئاشکراکردنی چارەنووسی منداڵە رفێنراوەکانیان ئەنجامدا.
ئەو سەرچاوانە و شایەتحاڵەکان ئاماژەیان بەوەدا کە خۆپیشاندانەکە گەیشتووەتە نزیک گەراجەکە، لەوێ یەکێک لە چەکدارانی پارتەکە تەقەی لە ئۆتۆمبێلەکان کردووە، پاشان کۆمەڵێک لە چەکدارانی "شەبیبەی شۆڕشگێڕ" هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران و بە لێدان لە ژنان و بەساڵاچووان دراون.
سەرچاوەکان زیادیشیان کرد کە چەکدارانی "شەبیبە" هەندێک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکەیان دەستگیرکردووە، دوای سوکایەتیکردن پێیان و تێکشکاندنی ئۆتۆمبێلەکانیان، بردویانن بۆ شوێنێکی نادیار، ئاماژەیان بەوەشدا کە دۆخی شارەکە زۆر گرژە و ئامادەباشیی ئەمنیی تێدایە.
جێگای ئاماژەیە کە ئەوەی پێی دەوترێت "شەبیبەی شۆڕشگێڕ" چەندین ساڵە تۆمەتبار دەکرێت بە گرتنی منداڵانی ژێر تەمەن بۆ ناو ریزەکانی هێزەکانی سەر بە پارتەکە، سەرەڕای داواکارییە دووبارەکانی کەسوکاری منداڵەکان و رێکخراوە مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ بۆ پێویستیی ئازادکردنیان و راگرتنی ئەم رەفتارانەی دژی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانن.
کەسوکارەکان لەبەیاننامەیەکدا داوایان لە شاندی هاوبەشی کورد و هەموو هێزە بەشداربووەکانی کۆنگرەی ٢٦ی نیسان کرد "بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مێژوویی و نیشتمانی خۆیان هەڵبگرن"، و جەختیان لە پێویستیی "فشاری خێرا و ئاشکرا بۆ ئازادکردنی هەموو رفێنراوەکان و کردنی ئەم دۆسیەیە بە پرسێکی سەرەکی کە ناتوانرێت دوابخرێت یان لێی دووربکەوێتەوە."
هەروەها کەسوکارەکان داوایان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەرەنسا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد، وەک لایەنە کاریگەرەکان لە دۆسیەی سوریادا "فشار بخەنە سەر سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) بۆ ئەوەی دەستبەجێ چارەنووسی هەموو رفێنراوەکان ئاشکرا بکەن، و ئازادیان بکەن، و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی هەموو کردارەکانی رفاندن لە دەرەوەی یاسا بکەن."
کەسوکارەکان بەیاننامەکەیان بەمە کۆتایی هێنا: "ناوەستین و پاشگەز نابینەوە، و سوور دەبین لەسەر مافی خۆمان بۆ زانینی راستی و گەڕاندنەوەی ڕۆڵەکانمان."
a

ئەم بابەتە 13 جار خوێندراوەتەوە