پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیرانی قەتەر جەخت لە پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە دەکەنەوە
هەینی 2026/2/13، لە بەردەوامی دیدارەکانی دا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میوونشن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدۆلڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی ئاڵۆزییەکان تاوتوێ کران. هەردوولا جەختیان لە گرینگی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە و هاوڕا بوون لەسەر پێویستی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان.
هەر لە دیدارەکەدا، بیروڕایان دەربارەی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان گۆڕییەوە و هاوكاری هاوبەشیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەکان و دەستەبەرکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا، بە پێویست و گرینگ زانی.