پەیامی کورد ... ڕاگەێندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری یەوە
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ڕاگەێندراوێک ووڵامی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی دایەوە سەبارەت بە نەناردنی بڕی ٣٦ ملیار دینارەکەی شایستەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بۆ مانگی کانوونی دووەم.
لە ڕاگەێندراوەکەدا وەزارەتی دارایی و ئابووری تۆمەتی نەناردنی ئەو بڕە پارەیە دەخاتە ئەستۆی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و ھەروەھا رایدەگەێنێت " پێنجشەممە نووسراوێکی دیکەمان ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کرد بۆ خەرج کردنی ئەو ٣٦ ملیار دینارەی کە نەیان ناردووە".
دەقی ڕاگەێندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری:-
سەبارەت بە مووچەی مانگی کانوونی دووەم و دوای گەیشتنی تەمویلەکە لە وەزارەتی دارایی عێراق بە کەم وکوڕییەوە، لێرە و لەوێ چەندین لێکدانەوە و تۆمەتی ناڕاست ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم کراوە، بە پێویستمان زانی وەک ووڵامێک بۆ ئەو تۆمەتانە جەخت لەم ڕاستییانەی خوارەوە بکەینەوە.
١- بۆ ئەوانەی کە لەیادیان چووە ماوەی سێ ساڵە بەپێی یاسای بوودجەی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥) مووچەی ھەرێمی کوردستان تێکڕا لە بەغداوە خەرج کراوە، واتە ھەر کەموکوڕییەک لە مووچە یان نەناردن یان لێبڕین لە مووچەی ھەرێم لەو سێ ساڵە ڕوویدابێت وەزارەتی دارایی عێراق لێی بەرپرسیارە.
٢- لەگەڵ گەیشتنی تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ وەک وەزارەتی دارایی یەکەم لایەن بووین کە ڕامانگەیاند وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ زیاتر لە (٣٦) ملیار دیناری لە تەمویلی مووچەی ئەو مانگە بڕیوە و نەیناردووە کە بریتییە لە مووچەی چەند مانگێکی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی و کەم ئەندامی سەنگەر (بۆ نموونە خانەنشین ھەیە ١٢ مووچەی وەرنەگرتووە، بەڵام تەنھا یەک مووچەی بۆ ھاتووە، کەم ئەندامانی سەنگەر پێویست بوو دوو مووچە وەربگرن یەکێکیان مووچەی مانگی ١٠ی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ، بەڵام تەنھا یەک مووچەیان بۆ ھاتووە).
٣- بەپێی نووسراوی ژمارە ٣٦٦ لە رێکەوتی ٢٧/١/٢٠٢٦ داوای خەرجکردنی بڕی (٢٨١،١٢٥،٤٧١،٢١٦) دوو سەد و ھەشتا و یەک ملیار و سەد و بیست و پێنج ملیۆن و چوار سەد و حەفتا و یەک ھەزار و دوو سەد و شازدە دینارمان بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی خەرج کردووە، کە بڕی ٣٦ ملیارەکەشی لەگەڵە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنھا بڕی (٢٤٤،٧٦٤،٦٠٦،٣٥٧) دوو سەد و چل و چوار ملیار و حەوت سەد و شەست و چوار ملیۆن و شەش سەد و شەش ھەزار و سێ سەد و پەنجا و حەوت دیناری وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی ناردووە.
٤- وەزارەتی دارایی بەدواداچوون بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی دەزانێت، بۆیە پێنجشەممە ڕێکەوتی (١٢ی شوباتی ٢٠٢٦) نووسراوی دووەممان بە ژمارە (١١٦٤/٤/٧) ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کردووە و داوای خەرج کردنی بڕی (٣٦،٣٦٠،٨٦٤،٨٥٩) دینارمان کردووە وەک تەواوکاری تەمویلی مووچە و شایستەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بۆ مانگی کانوونی دووەم.
٥- بەبیر ھەموو ئەو کەس و لایەن و دەزگا ڕاگەیاندنانە دەھێنینەوە کە بەشێوەی ناڕەوا ھێرش دەکەنە سەر وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان و بوختان و تۆمەتی ناڕەوا دەبەخشنەوە دەبێت چاوەڕێ بن ڕووبەڕووی دادگا ببنەوە لەپێناو سەلماندنی ڕاستییەکان.
لە کۆتاییش دا بە ھەموو لایەکی ڕادەگەێنین ئەو لایەنەی داکۆکی لە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کردووە لە بەغدا و ھەموو مەحفەلەکانی تردا بەشانازییەوە تەنیا حکوومەتی ھەرێم و وەزارەتی دارایی لایەنی سەرەکی و بنچینەیی بوون پێش ھەموو کەس و لایەنەکانی تر.