ئەنجوومەنی وەزیران : بڕیاری ڕاگرتنی مووچە سزادانی بە کۆمەڵی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە

پەیامی کورد ... ئەنجوومەنی وەزیران : بڕیاری ڕاگرتنی مووچە سزادانی بە کۆمەڵی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە
چوارشەممە ٤ی حوزەیرانی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی، و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، سەرەتا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران باسی لەوە کرد کە هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە وشەفافانە سەرجەم داتا و زانیارییەکانی دارایی بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ وهەرێم خستووەتەڕوو و لە سەرەتای ساڵی دارایی 2025 ڕێککەوتنی هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم واژوو کرا بۆ دابینکردنی تەواوی مووچەی مانگەکانی ئەمساڵ ئەویش پشت بەست بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی کە ڕێگە نادات ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حکوومەت لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بوودجە، هۆکار بێت بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەستووری عێراق بنەمای یەکسانی لە نێوان سەرجەم عێراقییەکان جێگیرکردووە و دادگای فیدڕاڵیش جەختی کردووەتەوە لەسەر مامەڵەکردنی مووچەخۆرانی هەرێم وەک هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵی، بۆیە نابێت لە ژێر هیچ پاساو وبیانوویەک، قووتی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ هەشت مانگی داهاتوو رابگیرێت بە تایبەتیش کە چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە بۆ جەژنی پیرۆزی قوربان، بۆیە حکوومەتی فیدڕاڵ بەم بڕیارە سیاسیەی؛ گەمارۆ دەخاتە سەر هەرێم و ئەم بڕیارە سزادانی بەکۆمەڵی سەرجەم هاووڵاتییانی هەرێمە.
هەر لەوبارەیەوە، ئەنجوومەنی وەزیران؛ بڕیاری راگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستان بە نا دەستووری و نایاسایی دەزانێت و داوای کرد ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، پێداچوونەوەی پێویست بەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکات لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی، بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێم بێبەش نەبن لە شایستەکانی خۆیان وکار بە دوا ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ وهەرێم بکرێت. هەروەها بڕیاریش درا نامەیەکی فەرمی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نوێنەری ووڵاتان بکرێت کە تێیدا لایەنە دەستووری و یاسایی و داراییەکان ڕوون بکرێتەوە و داوای هاوئاهەنگی و پشتیوانی چارەسەر کردنی گرفتی مووچەی هەرێم بکرێت لە چوارچێوەی دەستوور.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی نووسراوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە پێشنیاریان کردووە لێخۆشبوون بۆ کوڕو کچی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بکرێت لە پێشینەی هاوسەرگیری لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 158 لە 2025/3/12 بۆ ئەوانەی کە سوودمەند نەبوون لە منحە و دیاری هاوسەرگیری، پاش خستنەڕووی ڕاپۆرتێک لەلایەن عەبدۆڵلای حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان. ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ ڕەزامەندی لەسەر پێشنیارەکە دا.
بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە خستنەڕووی بابەتی کارمەندانی گرێبەست لەسەر بوودجەی پەرەپێدان و داهات و پێشینەی بەردەوام و کرێی رۆژانە.
پاش گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای پشتیوانی بۆ ڕەوایەتی داواکاری ئەو کارمەندانە لەسەرجەم دامەزراوەکانی هەرێم، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ئەم بابەتە بە بڕیارێکی گشتگیر بۆ سەرجەم وەزارەتەکان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە ئامادەکاری باشتری بۆ بکرێت لە ڕووی یەکخستنی ژمارە و ئامارەکان لەسەر ئاستی سەرجەم وەزارەتەکان وسەرەڕای هەڵسەنگاندنی ئیداری و دارایی بابەتەکە، تا لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری یەکلایی کەرەوەی لەسەر بدرێت.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە سەرجەم موسڵمانان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد و بەو بۆنەیەوە، بڕیاردرا لە ڕۆژی هەینی 2025/6/6 تا رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو 2025/6/9 ڕۆژانی پشووی جەژنی قوربان بێت و ڕۆژی سێشەممە 2025/6/10 دەوامی فەرمی دەست پێدەکاتەوە.
04 حوزەیران 2025
ئەم بابەتە 21 جار خوێندراوەتەوە




