عەبدۆلڕەحمان سدیق باسی گرینگیدانی حکوومەتی ھەرێم بەژینگە دەکات"

پەیامی کورد ... عەبدۆلڕەحمان سدیق باسی گرینگیدانی حکوومەتی ھەرێم بەژینگە دەکات"
سەرۆکی پێشووی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان ووتی "ئەو ڕێککەوتنەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری ووزە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئەنجامی داوە سوودێکی زۆری بۆ بواری ژینگەش ھەیە، دوو گرێبەستی گرینگی بواری ووزە بوون و دەنگدانەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش ھەبوو."
ئەندازیار عەبدۆلڕەحمان سدیق، یەکەم وەزیری ژینگەی عێراق و سەرۆکی پێشووی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند " ٥/٦ ڕۆژی جیھانی ژینگەیە، لە ٥ ی حوزەیرانی ھەموو ساڵێک گەلانی جیھان یادی ڕۆژی جیھانی ژینگە دەکەنەوە، ھەمان ئەم ڕێککەوتە پەیوەستە بە ساڵی ١٩٧٢ کە یەکەم کۆنگرەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ژینگەوە لە ستۆکھۆڵمی پایتەخی سوێد بەسترا، ئەوە یەکەم کۆنگرەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بوو تەوەری سەرەکی باسەکانی بریتی بێت لە ژینگە و دامەزراندنی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ ژینگە (یوونیپ) یەکێک بوو لە گرینگترین دەرئەنجامەکانی ئەم کۆنگرەیە، ھەر ئەم بەرنامەیەش لەوساتەوە تا ئەمڕۆ بووە ھەوێنی کاری ژینگەیی نەتەوە یەکگرتووەکان و جیھان، بۆیە ڕۆژی جیھانی ژینگە لە ساڵی(١٩٧٣)وە، ساڵانە بە میوانداری ووڵاتێک یاد دەکرێتەوە، بۆ ئەمساڵیش (٢٠٢٥)، ووڵاتی کۆریا دیار کراوە بۆ میوانداریکردنی چالاکییەکانی ئەم ڕۆژە کە تیایدا تەوەری سەرەکی بریتییە لە ڕزگاربوون لە پلاستیک و زیانەکانی."
ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق ووتیشی "زۆر جار ئاماژەمان بە چەند خاڵێک کردووە، کە ڕۆژی جیھانی ژینگە ھەر وەکوو سەکۆیەکی جیھانییە، لە ھەمان کاتی جێگەی ھاندانی ھەمووانە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری ئەرێنی و باش لەلایەن زۆربەی چین و توێژە جیاجیاکان، بەڵام گرینگە ئێستاش ئاماژە بە ئەرکی بەشێک لەو چین و توێژانە بکەین لەم بۆنەیەدا، لەوانە کۆمەڵگە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بەخۆداچوونەوە بکات لەو بەکاربردنە بێ پلانەی لە دەرامەتە سنووردارەکانی زەوی دا دەیکات و کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی شێوازی بەرھەمھێنانی گونجاوتر لەگەڵ ژینگە پیادە بکەن بەرەو ئابوورییەکی سەوزی بەردەوام، کشتیاران و جوتیاران بۆ ئەوەی ھەنگاو بنێن بەرەو کشتوکاڵکردنی زیرەکانە بە بەکارھێنانی میکانیزمی نوێی سەردەمییانە، پەروەردەکاران و چالاکوانانی ژینگەیی بۆ ئەوەی ببنە سەرچاوەی بەخشینی ھزر و ھۆشیاری ژینگەپارێزی، لاوان و گەنجان بۆ بونیاتنانی ئایندەیەکی دۆستانەتر لەگەڵ ژینگە و ناوداران و کەسانی ناسراوی ھەر بوارێک بۆ بەکارھێنانی ناو و ناوبانگیان لە کار و چالاکی ژینگەدۆستانەدا، حکوومەت و دەوڵەتان بۆ وەبەرھێنانی ژینگەیی و چاکسازی زیاتر لە بواری ژینگە و بەرزڕاگرتنی ئەم یادە بە ئەنجامدانی چالاکی گونجاو بۆ خستنەڕووی کێشە سەرەکییەکانی ژینگە لە ھەر ووڵات و شوێنێکدا."
باسی لەوەش کرد "نوێترین کاری حکوومەتی ھەرێم لە بواری پاراستنی ژینگە بریتییە لە بایەخدان بە دابین کردنی ئاسایشی ووزە، ئەوەش لە ڕێگەی واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکا لە بواری ووزە، لە واشینتۆن بە سەرپەرشتی ڕێزدار مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە دەنگدانەوەی بەھێزی ھەبوو لەسەر ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتییدا، لەبەر زۆر ھۆ کە ئەمانەی لای خوارەوە ھەندێکیانن: ئەم ڕێککەوتنە ئاماژەیەکی تێدایە بۆ پشتیوانی ئەمریکا لە کەرتی وزەی ھەرێمی کوردستان، ھاوکات بوونی دیدارە فەرمییەکانی ڕێزدار سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە ئەمریکا لەگەڵ ساتەکانی واژووکردنی ئەم ڕێککەوتنە، ئاماژەی تێدایە بۆ یاسایی بوونی گرێبەستەکان و سوودەکانی ڕێککەوتنەکە و گرێبەستەکان گشتگیرن، بەجۆرێک لەیەک کاتدا سوودیان بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەیە، خودی ڕێککەوتنەکە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پێگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لای ئیدارەی ئەمریکا تایبەتمەندی خۆی ھەیە، دابینکردنی ئاسایشی ووزەیە بۆ ئایندە لە ڕێگەی ھەبوونی بە بڕی پێویست و بەردەست، ھەروەھا بەشێوەی جێگیر و بەردەوام، پەرەپێدانی سەرچاوەکان بە تەکنۆلۆژیای نوێ و باش بەکارھێنان و ھەبوونی گەرەنتی پێویست بۆ پاراستنی ژینگە."





