پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان

پەیامی کورد ... پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان
سەرۆک بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی جەژنی قوربان بڵاو کردەوە و ڕایدەگەێنێت، "بڕینی مووچە و سیاسەتی برسیکردنی بە کۆمەڵی گەلی کوردستان ھیچ جیاوازیەکی لەگەڵ ئەنفال و کیمیاباران و ئەو جینۆسایدە نیە کە ڕژێمی پێشوو لەدژی گەلی کوردستان ئەنجامی دا".
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان
بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
بە بۆنەی ھاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیھان دەکەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و ھاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم.
لەکاتێکدا بەرەو ئەو جەژنە پیرۆزە دەڕۆین کە بە بڕیارێکی ناڕەوا و زاڵمانە قووت و مووچەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لەلایەن دەستەڵاتدارانی بەغداوە بڕدراوە. بڕینی مووچە و سیاسەتی برسیکردنی بە کۆمەڵی گەلی کوردستان ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەنفال و کیمیاباران و ئەو جینۆسایدە نیە کە ڕژێمی پێشوو لەدژی گەلی کوردستان ئەنجامی دا. بەڵام ئیرادەی گەلی کوردستان لە ھەموو ستەمکاری و تاوان و ئەنفالێک بەھێزتر و بەرزترە. با ئەوانەی دژایەتی خەڵک و ھەرێمی کوردستان دەکەن ئاوڕێک لە مێژوو بدەنەوە، گەلی کوردستان لە بەرانبەر ھەموو فشار و زەبروزەنگێک دا خۆڕاگر بوو و بە سەر نەیار و تاوانباران دا سەرکەوت، و ھەر پەشیمانی بۆ زۆرداران مایەوە.
لەم بۆنە پیرۆزەدا وێڕای ئەوەی سوپاسی خۆڕاگری و جوامێری و سەربەرزی تاک بە تاکی گەلەکەمان دەکەم، لە خودای مەزن داواکارم خێر و ئاسوودەیی بۆ کوردستان و عێراق و ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکەمان و ھەموو جیھان بەدی بھێنێت.
مسعود بارزانی
٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
ئەم بابەتە 12 جار خوێندراوەتەوە




