سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندی سەرۆك هۆز و شیووخ و كەسایەتی و ڕیش سپییە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا کرد

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندی سەرۆك هۆز و شیووخ و كەسایەتی و ڕیش سپییە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا کرد
پەیامی کورد   ...   سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندی سەرۆك هۆز و شیووخ و كەسایەتی و ڕیش سپییە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا کرد

یەكشەممە 1ی حوزەیرانی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە شاندی سەرۆك هۆز و شیووخ و كەسایەتی و ڕیش سپییە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا كرد.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی گەلی كوردستان و هەڵوێستی سەرۆك بارزانیان كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانە و لە شەڕی تیرۆریستاندا میوانداری سەدان هەزار ئاوارەی عێراقیان لە پارێزگای نەینەوا و پارێزگاكانی تری عێراق كردووە و سوپاسی قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیشیان كرد كە بەشێكی زۆری ناوچەكانی پارێزگای نەینەوا لە ژێر دەست تیرۆریستانی داعش ئازاد كرد و ڕایانگەیاند كە ئەو هەڵوێستە مێژوویانە هەرگیز لە یاد ناكەن و لە یاددانی نەوەكانی ئایندەشیان دەمێنێتەوە.
بەشداربووانی كۆبوونەوەكە وێڕای ئاماژەدان بە سەقامگیری و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان داوایان كرد كە هەماهەنگی و هاوكاری و پێكەوەیی لەنێوان پارێزگاكەیان و هەرێمی كوردستاندا هەبێت.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەدا شاندی میوان باسیان لە كێشە و گرفتەكانی دانیشتوانی نەینەوا و بارودۆخی ئابووری و خزمەتگوزاری ئەو پارێزگایە بۆ سەرۆك بارزانی كرد و داوایان كرد لە قۆناغی داهاتوودا لە پڕۆسەی سیاسی عێراق نوێنەرایەتییەكی ڕاستەقینەیان هەبێت و كۆتایی بە نەهامەتی و گرفتەكانیان بێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و لە ووتەیەكدا وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی كێشەكانی نێوان گەلی كوردستان و حكوومەتەكانی عێراق جەختی لەوە كردەوە كە جێیی شانازییە ناكۆكی نێوان گەلی كوردستان و حكوومەتەكانی عێراق هیچ كاتێك نەبووەتە هۆی ناكۆكی نێوان گەلانی عێراق. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە عێراقی دوای 2003 لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان و لە چوارچێوەی دەستووردا دامەزراوە و تەنیا ڕێگەی چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق پابەندبوونی هەموو لایەكە بەو بنەمایانە. سەرۆك بارزانی پاڵپشتی و هاوسۆزی خۆی بۆ داواكاری و کێشەکانی خەڵكی پارێزگای نەینەوا ڕاگەیاند و ئەوەشی دووپات كردەوە كە پێویستە ڕێگە بدرێت دانیشتوانی نەینەوا خاوەنی بڕیار و چارەنووسی خۆیان بن.
 

ئەم بابەتە 17 جار خوێندراوەتەوە