سەرۆک بارزانی پێشوازی لە لەنەراڵ دەیڤد پێتریۆس سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا کرد

پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی پێشوازی لە لەنەراڵ دەیڤد پێتریۆس سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا کرد
دووشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2025 لە پیرمام، سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ژەنەراڵ دەیڤد پێتریۆس سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا (سی ئای ئەی) کرد.
لە دیدارەکە دا ژەنەراڵ دەیڤد پێتریۆس خۆشحاڵی خۆی بە دووبارە دیتنەوەی سەرۆک بارزانی نیشان دا، ئاماژەی بەوەدا دواهەمین جار کە سەرۆک بارزانی بینیوە لە بەرەکانی شەڕ لە سحێلا بووە لە ساڵی 2016. هەروەها ستایشی ڕۆلی بەرچاوی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد کە لە پێناو پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و لەپێناو بەدیهێنانی ئارامی و دیموکراسی و پێکەوەژیان، ڕووبەڕووی ئەو گرووپ و رێکخراوە تیرۆرستیانە بوونەوە کە دوای ساڵی 2003 لە عێراق سەریان هەڵدا و بونە هەڕەشەیەکی راستەقینە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە و جیهان.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی بەخێرهاتنی ژەنەراڵ دەیڤد پێتریۆسی کرد و هەروەها سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکای کرد کە ڕۆلێکی بەرچاویان بینیوە لە پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق لە دیکتاتۆرییەت و دوای ئەوەش پاڵپشتییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان.
لەبارەی پڕۆسەی سیاسی عێراق، سەرۆک بارزانی جەختی لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستووری هەمیشەیی عێراق کردەوە کە ڕێگەی چارەی یەک جارییە بۆ رزگاربوونی عێراق لەو تەنگەژە سیاسییانەی کە تێیدایە و هیوای خواست هەموو لایەنە سیاسییەکان پێکەوە بەدوای چارەسەری گرفتەکانەوەبن و واز لە تۆڵەسەندنەوە و ڕق و کینە بەرانبەر بە یەکتری بێنن. هەروەها سەرۆک بارزانی رەشنووسی یاسای نەوت و گازی ساڵی 2007ـی بە نموونە هێنایەوە کە ئەگەر ئەوکات پەسەند و جێبەجێ کرابا، لە ئێستادا هیچ گرفتێکی یاسایی لەبارەی نەوت و گاز نەدەبوو و جەختیشی لە دوایین رێککەونتی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق کردەوە لە بارەی نەوت گاز و بە ئەرێنی وەسفی کرد و هیوای خواست ئەم رێککەوتنە ببێتە بناغەیەک بۆ چارەسەری هەموو کێشەکان.
هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە گشتی و دۆخی سوریا و هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
ئەم بابەتە 13 جار خوێندراوەتەوە




