ئیسرائیل هۆشداری لە ئاسمانی لوبنان خستەخوارەوە

ئیسرائیل هۆشداری لە ئاسمانی لوبنان خستەخوارەوە

  پەیامی کورد -    بۆ یەکەمجار لەدوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ لوبنان، ئیسرائیل ناوچەی پارێزراوی لە باشووری لوبنان کێشاوە. نەخشەی بڵاوکردەوە کە ناوچەیەکی ڕەنگی سووری لەخۆگرتبوو، نزیکبوونەوەی دانیشتووان لێی قەدەغە کردبوو.

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی هۆشداری بەسەر شارۆچکەی شێبا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی لوبنان خستووەتە خوارەوە و لەسەر نەخشە هاوپێچەکان بە "هێڵی سوور" وەسفی کردووە و هۆشداری دەدات لە بەزاندنی. تراکتەکان ناوچەکانی تەنیشت کێڵگەکانی شێبایان لەخۆگرتبوو و نەخشەیەکی ڕەنگاوڕەنگی لەگەڵدا بوو کە بە ڕەنگی سوور ناوچەی ئامانجدارەکەی تیشک دەخستە سەر.


ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ڕێوشوێنە مەیدانییەکانی ئیسرائیل لە ناوچە سنوورییەکان و لێکدانەوەکانی ئامانجەکانی جیاوازن، لەنێوان ڕێوشوێنی ئەمنی تا دەگاتە خوێندنەوەی وەک هەوڵێک بۆ دامەزراندنی واقیعێکی نوێ لەسەر زەوی.

لە هۆشدارییەکەدا هاتووە: "بەزاندنی هێڵی سوور بەرەو سنووری ئیسرائیل قەدەغەیە. هەرکەسێک بچێتە ناو ئەو ناوچەیەی کە بە سوور نیشانە کراوە خۆی دەخاتە مەترسییەوە". بەپێی سەرچاوە مەیدانییەکان، نەخشەکە هاوتایە لەگەڵ ناوچەیەکی ئەمنی نوێ کە ئیسرائیل هەوڵدەدات بەدرێژایی کەرتی ڕۆژهەڵاتی سنوورەکە بیسەپێنێت.

 


لینا ڕەشید / لوبنان

ئەم بابەتە 392 جار خوێندراوەتەوە