ئەلهجری داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات ڕێڕەوی مرۆیی بۆ ناو سوەیدا بکەنەوە

پەیامی کورد- سوەیدا
ڕۆژی شەممە، حیکمەت ئەلهجری، سەرۆکی کۆمەڵگەی دروزەکان، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، ڕێڕەوی مرۆیی بۆ ناو سوەیدا بکەنەوە، بۆ دڵنیابوون لە هاتنە ژوورەوەی هاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە.
ئەلهجری لە بەیاننامەیەکدا کە لە پەیجی فەیسبووکی سەرۆکایەتی ڕۆحی بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، "گەمارۆیەکی هەمەلایەنە بەسەرماندا سەپێنراوە، کاریگەری لەسەر هەموو شتێک هەیە: خۆراک، دەرمان، ئاو، سووتەمەنی و ئازادی هاتوچۆ".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "رەنگە هەندێک هاوکاریی نێودەوڵەتی سنووردار، کە بەس نییە، بەناودا تێپەڕن و لەلایەن میدیاکانەوە بقۆزرێتەوە بۆ وێنەگرتن و نمایشکردنی و شێواندنی ڕاستییەکان و هەوڵدان بۆ پەردەپۆشکردنی کارەساتی ڕاستەقینەی خەڵک".
داوای لە "نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بە پێی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و یاسایی خۆیان، ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر، بۆ ئەوەی دەستبەجێ ئەو گەمارۆیە هەڵبگرن کە بەسەر چیای باشاندا سەپێنراوە و ڕێڕەوی مرۆیی سەلامەت دەستەبەر بکەن".
جەختیشی لەوە کردەوە کە "ئەوانەی بەرپرسیارن و ئەوانەی تاوان و پێشێلکاری دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجام دەدەن، دەبێت لەبەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت".
لە بەیاننامەکەدا ئەلهجری داوای کرد "هێزە چەکدارە داگیرکەرەکان پابەند بکرێن بە کشانەوەیەکی تەواو لە گوندە لێدراوەکانی شاخەکە و گەڕاندنەوەی سەرجەم زەوییە داگیرکراوەکانی سنووری ئیدارەی شاخەکە و جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئاگربەست لە مانگی تەمموزی ڕابردووەوە".





