جەعجەع: پێویستە حکومەت لە خۆیەوە دەست پێبکات پێش ئەوەی داوای جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ١٧٠١ لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات

سەمیر جەعجەع سەرۆکی هێزەکانی لوبنان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا باس لە لێدوانەکانی بەشێک لە وەزیرەکان سەبارەت بە بەرپرسیارێتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ١٧٠١ و ڕێکخستنەکانی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ کرد. جەختی لەوە کردەوە کە ئەم قسەکردنە "لە جەوهەردا ڕاستە بەڵام لە چوارچێوەیدا نالۆژیکییە".
وتیشی: پێش ئەوەی حکومەتی لوبنان داوای ئەوە بکات کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆی سەبارەت بە بڕیارنامەی ١٧٠١ لە ئەستۆ بگرێت، سەرەتا دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی سەبارەت بە لایەنی لوبنانی ئەم بڕیارنامەیە لە ئەستۆ بگرێت. ڕوونیشی کردەوە، بڕیارنامەی ١٧٠١، لە بڕگە یەکەمەکانیدا، پێویستی هەڵوەشاندنەوەی هەموو ڕێکخراوە چەکدارە نایاساییەکان لە لوبنان و کۆکردنەوەی چەکی نایاسایی و ڕادەستکردنی بە سوپای لوبنان، وەک تاکە دەزگای شەرعی دیاریکردووە کە دەسەڵاتی بەرگریکردن لە وڵاتەکەی هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوانەی داوا دەکەن جیهان هەنگاو بنێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان دەبێت لە خۆیانەوە دەستپێبکەن و پابەندبن بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی بڕیارنامەی ١٧٠١ و ڕێکخستنەکانی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ کە پەیوەندییان بە لوبنانەوە هەیە. بە پێچەوانەوە هەموو داواکارییەکان بە ڕەنگ لەسەر کاغەز دەمێننەوە".
جەعجەع بە تۆنێکی هۆشداری درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: بەردەوام بوون لە ناشتنی سەرمان لەناو خۆڵدا، تەنیا دەبێتە هۆی لەناوچوونی زیاتر، هەروەک چۆن بەسرە لە مێژوودا لەناوچوو کاتێک خەڵکەکەی واقیعیان پشتگوێ خست.
لە کۆتاییدا وتی: کاتی ئەوە هاتووە هەمووان سەریان لە خۆڵ دەربهێنن و بە بوێری و بەرپرسیارێتی ڕووبەڕووی ڕاستییەکان ببنەوە پێش ئەوەی لوبنان بە تەواوی لەناو بچێت.
لینا ڕەشید - لوبنان
ئەم بابەتە 10 جار خوێندراوەتەوە




