ئیلۆن ماسک بەرگری لە نهێنی بەکارهێنەر دەکات / هۆشداری دەدات سەبارەت بە " یاسای هاککردنی پەیامەکان " لە فەرەنسا.

پەیامی کورد ... ئیلۆن ماسک بەرگری لە نهێنی بەکارهێنەر دەکات / هۆشداری دەدات سەبارەت بە " یاسای هاککردنی پەیامەکان " لە فەرەنسا.
▫️ لێکۆڵەرێکی کاروباری نێودەوڵەتی بە سپۆتنیکی ڕاگەیاند: لەم ڕۆژانەدا کە سیاسەتمەدارانی فەرەنسا سەرقاڵی گۆڕینی حکوومەت و دەستکاری کردنی کابینەی حکوومەتن، پاریس پاڵ بە پلانێکەوە دەنێت کە دەتوانێت ئایندەی ئازادی دیجیتاڵی لە ئەورووپا بگۆڕێت.
▫️ هەروەها سەبارەت بەم هەواڵە کە پاڤێل دورۆڤ دامەزرێنەری کۆمپانیای تێلێگرام هۆشداری داوە کە ئەم یاسایە نوێیە کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆژیا پابەند دەکات بە سکان کردنی پەیامی بەکارهێنەران ڕاستەوخۆ لەسەر ئامێرەکان. ئەم ڕێوشوێنە بە شێوەیەکی کاریگەر دەروازەیەک بۆ ژیانی تایبەتی هاووڵاتیان دەکاتەوە. ئیلۆن ماسک بە دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەم هۆشدارییە لە پلاتفۆرمی ئێکس، مشتومڕێکی هەڵگیرساند کە لە پاریس ەوە تا برۆکسل بەردەوامە.
ئەگەر ئەم پلانە پەسەند بکرێت، پێدەچێت بە مانای کۆتایی هاتنی یەکێک لە قەڵا سەرەکییەکانی ئازادی دیجیتاڵی لە یەکیتی ئەورووپادا بێت، ئەویش "کۆدکردنی کۆتایی بە کۆتایی". هەرچەندە لە ڕووکەش دا حکوومەتەکان وەک ئامرازێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندڕەوی و ناوەڕۆکی تاوانکاری دەیبینن، بەڵام ڕەخنەگران پێیان وایە مووڵەتێکی لەو شێوەیە ڕێگە خۆش دەکات بۆ چاودێریکردنی بێ وێنە لەسەر ڕەفتاری هاووڵاتیان.
لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئەو یەکیتی یەی کە خۆی بە بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ ناودەبات، خەریکە دەخزێتە ناو ڕێگای چاودێری و کۆنترۆڵکردنی حکوومەتەکانەوە کە ساڵانێکە ڕەخنەی لێدەگرن.
هەروەها ئارگومێنتێکی گرینگ ئەوەیە کە لە جیهانێک دا کە هێڵی نێوان ئاسایش و ئازادی ڕۆژ بە ڕۆژ تەنکتر دەبێتەوە، شەڕ لەسەر پەیامە کۆدکراوەکان چیتر تەنها مشتومڕێکی تەکنیکی نییە و بە جۆرێک لە هێڵی پێشەوەی نوێی سیاسەت دادەنرێت.
لە ڕاستی دا ئەگەر بە ووردی سەیر بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم کاردانەوە هاوکاتەی ماسک و دورۆڤ زیاتر لە هەموو شتێک بیرخستنەوەی ئەو ڕاستییەیە کە داهاتووی دیموکراسی دیجیتاڵی لەسەر شاشەی تەلەفۆنی خەڵک دیاری دەکرێت، نەک لە هۆڵەکانی پەرلەمان دا.





