ئەردۆغان سەبارەت بە هەڕەشەکانیان بۆ سەر یەپەگە پەیامێک بڵاو دەکاتەوە
پەیامی کورد ... ئەردۆغان سەبارەت بە هەڕەشەکانیان بۆ سەر یەپەگە پەیامێک بڵاو دەکاتەوە
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا ڕایگەیاند، یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) یەك لەسەر سێی سووریایان كۆنتڕۆڵكردووە بۆیە بڕیاریانداوە لە ڕێگەی چەك داماڵین یان لەناوبردن، كۆتایی بەو گرووپانە بێنین، دەشڵێت، "سەردەمی هەژموونی خۆرئاوا بەسەر ناوچەكەماندا كۆتایی هات و پێویستە ئەوان سەرەتا کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن".
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، شەممە لە میانەی ووتارێكدا لە هەشتەمین كۆنگرەی پارتەكەی لەپارێزگای مێرسین ڕایگەیاند، بڕیاریانداوە لە ڕێگەی چەك داماڵین یان لەناوبردن، كۆتایی بەو گرووپانە بێنین كە "سوریایان داگیركردوە" و ڕێگری لە جێبەجێکردنی سیناریۆی نوێ لەو دەکەن.
ئاماژەی بەوەش كرد، "یەپەگە یەك لەسەر سێی سووریایان كۆنتڕۆڵكردوە و ئێمەش بچووکترین لێبووردەیی مان بەرامبەر بەم پرسە نییە. بەمزووانە هەنگاو دەنێین بۆ چارەسەرکردنی پرسەكە بەشێوەیەكی یەکجارەکی و بۆ هەمیشەیی".
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوەشكرد، "یەپەگە چیتر ناتوانێت کەسێک بدۆزێتەوە تا لە ژێر سێبەریدا بێت، بەو پێیەی بەرژەوەندی و حیساباتی ئەو هێزانەی پشتی پێ بەستوون لە ناوچەکەدا گۆڕاوە".
ئەوەشی خستەڕوو، "ئێمە گرینگی بەو دەنگە دژبەیەکانە نادەین کە لە ئەورووپاوە دێن، پێویستە ئەورووپییەکان سەرەتا کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن. دواتر، با بێن و هەوڵی هێنانەدی ڕێکوپێکی بۆ ناوچەکەمان بدەن، سەردەمی هەژموونی خۆرئاوا بەسەر ناوچەكەدا و پیادەكردنی سیاسەتی پەرتكە و زاڵبە كۆتایی هات، ئەو گەمەیەی تەمەنی 100 ساڵە دوچاری پەكخستن دەبێت".
دەشڵێت، "لەمەودوا ئایندەی ناوچەكە لەلایەن خەڵکی دێرینەكەیەوە دیاری دەکرێت، هەموو پاشەکەوتکردنێک لەسەر سامانە سرووشتییەکان لە ئەستۆی خاوەن ڕەسەنەکانی ناوچەكە دەبێت. بە ئیزنی خوا کەس ناتوانێت ڕێگری بکات".
ئەم بابەتە 37 جار خوێندراوەتەوە