تۆم باراک بۆ سێیەم جار سەردانی لوبنانی کردەوە

پلانی گشتگیر لە ئاوون تا پادگان
باراک سێیەمین سەردانی بۆ لوبنان بە دیدار لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆک کۆماری لوبنان دەستپێکرد و لەوێ وەڵامی سەرۆکایەتی لوبنان بۆ داخوازی ئەمریکا وەردەگرێت.
سەرۆکایەتی کۆمار ڕایگەیاند کە سەرۆک عەون پێشوازی لە تۆم باراک، نوێنەری سەرۆکایەتی ئەمریکا کردووە و "بە ناوی دەوڵەتی لوبنانەوە، ڕەشنووسی یاداشتنامەی گشتگیر بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لوبنان لە بەیاننامەی ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، لە ڕێگەی نامەی فەرمی حکومەتی لوبنانەوە گەیاندە باراک. ئەم یاداشتە جەخت لەسەر... پێویستی بەپەلە بۆ ڕزگارکردنی لوبنان بە درێژکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی لوبنان بەسەر هەموو خاکەکەیدا، بە بەکارهێنانی هێزەکانی خۆی بە تەنیا و سنووردارکردنی چەکەکان بۆ کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکانی لوبنان و جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی بڕیارەکانی شەڕ و ئاشتی لە ئەستۆی دامەزراوە دەستوورییەکانی لوبناندایە”.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەموو ئەمانە بە هاوبەشی لەگەڵ پاراستنی سەروەری لوبنان بە درێژایی هەموو سنوورە نێودەوڵەتییەکانی و ئاوەدانکردنەوە و دەستپێکردنی پرۆسەی بوژانەوەی ئابووری، لە ژێر گەرەنتی و پاڵپشتی برا و دۆستانی لوبنان لە سەرانسەری جیهان، بە شێوەیەک کە سەلامەتی و ئاسایش و کەرامەتی هەموو لوبنان و هەموو لوبنانییەکان بپارێزێت، ئەنجام دەدرێت.
بێ گەرەنتی
باراک لە گراند سێرالەوە دوای دیدار لەگەڵ نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان وتی: ئێمە جەخت لەسەر گرنگی گێڕانەوەی سەقامگیری و ئاسایش لە لوبنان دەکەینەوە، هەروەها بەردەوام دەبین لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ لە کاتێکدا سەرکردەکانی وڵات هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەن. ئاماژەی بەوەشکرد: حزبوڵڵا ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە، لەگەڵ حکومەت گفتوگۆ دەکەین کە چۆن هاوکاری و ڕێنمایی بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری و ئارامی بۆ ناوچەکە بکەین. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریکا لێرە نییە بۆ ئەوەی ئیسرائیل ناچار بە هیچ کارێک بکات، ئێمەش کەس ناچار ناکەین، ئێمە تەنها هاوکاری پێشکەش دەکەین بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێک، ئێمە لێرە نین بۆ سەپاندنی هیچ بەرژەوەندییەک لەسەر زەوی. ناوبراو وتی: هیچ گەرەنتییەک نییە و ناتوانین ئیسرائیل ناچار بکەین هیچ کارێک بکات و ڕایگەیاند، لە ئێستادا بیر لە سەپاندنی سزا بەسەر لوبنان ناکەینەوە.
باراک گەشبینە
تۆم باراک نوێنەری ئەمەریکا گەشبینی خۆی بە سەردانەکەی بۆ لوبنان دەربڕی لەگەڵ گەیشتنی بۆ بارەگای سەرۆکایەتی دووەم بۆ دیدار لەگەڵ نەبیح بێری سەرۆکی پەرلەمان، ئەمەش لە چوارچێوەی خولێکی کۆبوونەوە سیاسی و دیپلۆماسییەکان بە ئامانجی تاوتوێکردنی پێشهاتەکان و دۆخی لوبنان.
باراک لێدوانێکی کورتی بۆ ڕۆژنامەنووسانی دا و ڕایگەیاند، گەشبینم بە سەردانەکەم بۆ لوبنان.
لینا ڕەشید - لوبنان
ئەم بابەتە 48 جار خوێندراوەتەوە





