دوو سەربازی ئیسرائیلی بە گومانی سیخوڕیکردن بۆ ئێران دەست بەسەر کران

دوو سەربازی ئیسرائیلی بە گومانی سیخوڕیکردن بۆ ئێران دەست بەسەر کران

پەیامی کورد   ...   دوو سەربازی ئیسرائیلی بە گومانی سیخوڕیکردن بۆ ئێران دەست بەسەر کران
 

بە گوێرەی هەواڵی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە دەس بەسەرکرانی دوو سەربازی ئەرتەشی ئیسرائیل بە گومانی سیخوڕیکردن بۆ کۆماری ئیسلامی کردووە.

ئەم ڕۆژنامە ئیسرائیلییە لە زاری ووتەبێژی پۆلیسی ئیسرائیلەوە هێناویەتی کە دەزگای هەواڵگری "شین بێت" و پۆلیس بە هاوکاری یەکتر، دوو سەربازی ئەرتەشی ئیسرائیلیان دەست بەسەر کردووە کە لە پێناو پارەدا سیخوڕییان بۆ کۆماری ئیسلامی کردووە.

بەپێی بەیاننامەی بڵاوکراو لەلایەن پۆلیسی ئیسرائیلەوە، گومانلێکراوی سەرەکی بە ناوی "یووری ئێلیاسفۆف" کە لە یەکەی سیستمی دژە مووشەکی ئیسرائیلدا ئەرکدار کراوە، لە مانگی سێپتامبری ساڵی ڕابردووی زایینی دا کۆمەڵێک زانیاری پۆلێنکراو کە لە ماوەی خزمەتی سەربازی خۆیدا لێی ئاگادار بووە، ڕادەستی بەرپرسێکی ئەمنی ئێرانی کردووە.

ڕاپۆرتەکە زیادی دەکات کە ئێلیاسفۆف دواتر هاوڕێیەکی خۆی بە ناوی "گیۆرگی ئاندێریۆف" کە لە بنکەیەکی ئەرتەشی ئیسرائیل لە "کریا"ـی تێلاڤیڤ جێگیر کراوە لە هەوڵە سیخوڕییەکەدا هاوبەش دەکات و لەگەڵ لایەنی ئێرانی دەیانخاتە پێوەندییەوە.

تایمزی ئیسرائیل زیادیشی کردووە کە هەر دوو گومان لێکراوان لە سەر دیوارەکانی شاری تێلاڤیڤ لە پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی، درووشمیان نووسیوەتەوە.

لە ئێستادا بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامە دوو گومانلیکراو بە تۆمەتی ڕادەستکردنی زانیارییە پۆلێنکراوەکان و یارمەتی دوژمن لە کاتی شەڕدا دەست بەسەر کراون و بڕیارە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا دادگایی بکرێن.
 

ئەم بابەتە 18 جار خوێندراوەتەوە