سی ئێن ئێن : دانووستانە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئەمریکا لە لێواری شکستی تەواودایە

پەیامی کورد ... سی ئێن ئێن : دانووستانە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئەمریکا لە لێواری شکستی تەواودایە
سەرچاوەیەکی نزیک لە دانووستانە ئەتۆمییەکان بە سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاندووە، پێشنیارە نوێیەكەی كە لە لایەن ئەمریکاوە پێشکەشی ڕێژیمی ئێران کراوە، بە “ناتەواو و ناڕوون” وەسف کراوە و دانووستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە دۆخێکی قەیران ئاویدایە.
ئەو سەرچاوەیە جەختی لەوە کردەوە کە پڕۆسەی دانووستانەکان بە کردەوە وەستاوە و هیوای گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەمریکا لە پێشنیارە نوێیەكەیدا، ئیمكانی وەبەرهێنانی لە بەرنامەی ئەتۆمی غەیرنیزامی ئێران و بەشداریکردنی لە کۆنسۆرسیۆمی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریکردنی پیتاندنی سنوورداری یۆرانیۆم لەسەر خاکی ئێران هێناوەتە بەرباس. بەرپرسێکی ئێرانی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاند: گۆڕانکاری بەردەوام لە هەڵوێستی ئەمریکادا دانووستانەکانی گەیاندووەتە بن بەست و متمانەی لایەنی بەرامبەری بە کەمترین ئاست گەیاندووە.
هەروەها سەرچاوە دیپلۆماسییەکان هۆشدارییان داوە کە بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستا، ڕەنگە خولی داهاتووی دانووستانەکان بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە و ئاسۆی هەر پێشکەوتنێک لە داهاتوویەکی نزیکدا زۆر ناڕوونە.





