فاکس نیووز : تاران شێلگیرانە لە هەوڵ دایە بۆمبی ئەتۆم درووست بکات

فاکس نیووز : تاران شێلگیرانە لە هەوڵ دایە بۆمبی ئەتۆم درووست بکات
پەیامی کورد    ...   فاکس نیووز : تاران شێلگیرانە لە هەوڵ دایە بۆمبی ئەتۆم درووست بکات

کاناڵی فاکس نیووز، بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن "نووسینگەی فێدێڕاڵی پارێزگاری لە یاسای بنەڕەتی ئوتریش"ـەوە ڕایگەیاندووە، کۆماری ئیسلامی شێلگیرانە بەشوێن درووستکردنی بۆمبی ئەتۆمیدایە و بەرنامەکانی خۆی بۆ ئەم مەبەستە پەرە پێ ئەدات.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم کاناڵە ئەمریکاییە، سەرچاوە ئوتریشییەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەم بەرنامانە بە شێوەیەکە کە دەتوانێت لە مووشەکە درێژمەوداکانی ئێران دا کەڵکی لێ وەربگیردرێت.

ئەم ڕاپۆرتەی فاکس نیووز لەکاتێکدایە کە ماوەیەک پێش ئێستا، بەڕێوبەری هەواڵگری نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە کۆمەڵگای هەواڵگری ئەمریکا بەپێی زانیارییەکانی، لەسەر ئەو بڕوایەیە کە ئێران خەریکی درووستکردنی چەکی ئەتۆمی نییە.

تولسی گابارد لەو ڕاپۆرتەدا هێنابووی کە عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای ئێران ، لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ی زایینییەوە تاکوو ئێستا، فەرمانی بۆ دەستپێکردنەوەی بەرنامەکانی درووستکردنی چەکی ئەتۆمی نەداوە.

نووسینگەی فێدێڕاڵی پارێزگاری لە یاسای بنەڕەتیی ئوتریش لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی: "کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەوپێش بردن و سەقامگیرکردنی زێدەخوازییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا، لە هەوڵ دایە ڕێک خستنێکی دووبارە بۆ پڕچەککردنی خۆی بەتایبەتی دەست پێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی بکات تاکوو حکوومەتەکەی لەهەمبەر هێرشە سەربازییەکاندا بپارێزێت و هەروەها هەژموونی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەکانی دیکەی جیهانیش بەهێزتر بکات".

ئەم ڕێکخراوە ئوتریشییە زیادیشی کردووە کە بەرنامەکانی تاران بۆ درووستکردنی چەکی ئەتۆمی گەشەی کردووە و لە ئێستادا مووشەکە درێژمەوداکانی توانای هەڵگربوونی کڵاوە ئەتۆمییەکانی هەیە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە تۆڕەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پێشێل کردنی گەمارۆوەکان دراوە و جەخت کراوەتەوە کە ئەم تۆڕانە بە ڕادەیەکی زۆر گەشەیان کردووە و بە ئەزموون بوونە و هاوکات بە قازانجی ڕووسیاش بۆ ئەم مەبەستە هەڵسوکەوت دەکەن.

پاش بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن فاکس نیووزەوە، بەرپرسێکی کۆشکی سپی لە کاردانەوەدا ڕایگەیاندووە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، پێبەندە بەوە کە هیچکات کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات.

فاکس نیووز لەسەر ئەو بڕوایەیە کە ئەم دەست کەوتە هەواڵگرییانەی ئوتریش دەتوانێت ڕەوتی وتووێژە ناوکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئێستادا بەرەوڕووی کێشە بکاتەوە.

جێی باسە کە لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەیەک بە پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی وەک حکوومەتیک لە تێرۆریزم دەوڵەتی کراوە و جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێران بە جلی دیپلۆماتەکانەوە لە یەکێک لە گەورەترین باڵێۆزخانەکانی ئێران لە ڤییەن، پێتەختی ئوتریش، خەریکی چالاکین.
 

ئەم بابەتە 20 جار خوێندراوەتەوە