تاڵیبان : ئێمە دەمانەوێت پەیوەندی ئەرێنیمان لەگەڵ هەموو ووڵاتان هەبێت

پەیامی کورد ... تاڵیبان : ئێمە دەمانەوێت پەیوەندی ئەرێنیمان لەگەڵ هەموو ووڵاتان هەبێت
سەرۆکی باڵیۆزخانەی حکومەتی تاڵیبان لە قەتەر ڕایگەیاند کە ئەفغانستان بە پشتبەستن بە بنەماکانی دەیەوێت پەیوەندی ئەرێنی لەگەڵ هەموو ووڵاتان هەبێت و ڕەتیدەکاتەوە بەشداری لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نێوان حکومەتەکاندا بکات.
بە گوێرەی هەواڵەکان “سوهەیل شاهین”، سەرۆکی باڵیۆزخانەی حکوومەتی تاڵیبان لە قەتەر، ڕایگەیاندووە، میرنشینی ئیسلامی لەسەر بنەمای بنەماکانی، هەوڵ دەدات پەیوەندی ئەرێنی و بونیاتنەر لەگەڵ ووڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا درووست بکات و ناچێتە ناو هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سیاسی و سەربازی لە نێوان حکوومەتەکاندا.
ناوبراو زیادی کرد: ئێمە دەرگاکانی ئەفغانستانمان کردۆتەوە بەڕووی وەبەرهێنان لە هەموو ووڵاتانەوە، بەتایبەتی لە کەرتەکانی ئابووری، کانگا، و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری، بە مەرجێک ئەم هاوکارییە لەگەڵ بەرژەوەندی ڕژێم و گەلی ئەفغانستان ناکۆکی نەبێت.
شاهین هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتی بێلایەنی و دەستوەرنەدان لە گرژییە نێودەوڵەتییەکان، ڕێبازی بەردەوامی میرنشینی ئیسلامی بووە لەو کاتەوەی کە جارێکی دیکە هاتووەتە سەر دەسەڵات و ئامانجیشی پاراستنی سەربەخۆیی و سەقامگیریی ئەفغانستانە.
هاوکات شارەزایانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە دیپلۆماسییەتی ئابووری بە تەنیا ناتوانێت قەیرانە ئاڵۆزەکانی ئەفغانستان چارەسەر بکات و بۆ ئەوەی ئەم دیپلۆماسییە سەرکەوتوو بێت، دەبێت ستراتیژی سیاسی و هەواڵگری لەگەڵدا بێت.
لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، سیاسەتی بێلایەنی و پاراستنی سەربەخۆیی لە پەیوەندییەکانی دەرەوەدا یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئەم حکوومەتە بووە، هەوڵیش دراوە بۆ دامەزراندنی پەیوەندی دۆستانە و هاوکاری بونیاتنەر لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ و ووڵاتانی دیکە بە مەبەستی دابینکردنی بنەمای سەقامگیری و گەشەسەندن لە ئەفغانستان.
ئەم بابەتە 15 جار خوێندراوەتەوە




