ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا : هەوڵ بۆ هێڵانەوەی هێزەکانمان لە سووریا دەدەین

پەیامی کورد ... هەوڵ بۆ هێڵانەوەی هێزەکانمان لە سووریا دەدەین
ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، پابەندن بە پەرەپێدانی بەردەوام و چالاکانەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان لەگەڵ سووریا، هەروەها لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا گفتوگۆدان بۆ مانەوەی هێزەكانیان لەو ووڵاتە.
ماریا زاخارۆڤا، ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هەینی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی دا ڕایگەیاند، پابەندن بە پەرەپێدانی بەردەوام و چالاکانەی پەیوەندییە دو قۆڵییەکانیان لەگەڵ سووریا لەهەموو بوارە جیاجیاکاندا.
ئاماژەی بەوەش کرد، "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لایەنی سووریا بە ئامانجی دەستنیشان کردنی دەرفەتەکان و بوارەکانی هاوکاری دوولایەنە لە قۆناغی ئێستادا. هەروەها لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا لە گفتوگۆداین بۆ مانەوەی هێزەكانمان لەو ووڵاتە".
ئەوە لەكاتێكدایە چوارشەممەی ڕابردو ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر پەیوەندیەكی تەلەفونیان ئەنجامدا و بیروڕایان لەبارەی دۆخی سووریاوە ئاڵوگۆڕ کرد، ئەوەش یەکەم جارە لە دوای دەست بەکاربوونی شەرع.
سەرۆک کۆماری ڕووسیا، پشتیوانی ووڵاتەکەی بۆ یەکگرتویی و سەروەری و سەقامگیری خاکی سووریا دووپات کردەوەتەوە و ئامادەیی ڕووسیای دەربڕیوە بۆ پێداچوونەوە بەو ڕێککەوتنانەی کە لەگەڵ حکوومەتی پێشوودا ئەنجامی داوە.
لە بەرامبەردا ئەحمەد شەرع جەختی لە قووڵی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو ووڵات کردەوەتەوە و کرانەوەی سووریا بەرامبەر هەموو لایەنەکان نیشانداوە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی سووریا و ئاسایش و سەقامگیری لە ووڵاتەكەی بكات.
ئەم بابەتە 24 جار خوێندراوەتەوە




