پێشنیارێکی نوێی ئەمریکا بۆ ئێران بۆ چارەسەری بن بەستی دانووستانە ئەتۆمییەکان

پەیامی کورد ... پێشنیارێکی نوێی ئەمریکا بۆ ئێران بۆ چارەسەری بن بەستی دانووستانە ئەتۆمییەکان
باراک ڕاوید، پەیامنێری ئاکسیووس، بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا پێشنیارێکی نووسراوی بۆ شکاندنی بن بەستی دانووستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران پێشكەش كردووە. ئەم پێشنیازە بە ئامانجی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەسەر پێداگری ئێران لەسەر بەردەوامبوونی پیتاندنی یۆرانیۆم لەسەر خاکی خۆی كراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی پێشنیازی ئەمریکا پێکهێنانی کۆنسرسیوومێكی هەرێمی یە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لەژێر چاودێری تووندی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی و ئەمریکا، کە لە چوارچێوەی بەرنامەی ئاشتیانەی بەرنامەی ئەتۆمی چالاكی دەكات.
هەروەها بیرۆکەیەکی دیکەش خراوەتەڕوو، کە بەپێی ئەو بیرۆکەیە ئەمریکا ڕەنگە مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بە شێوەی مەرج بە ڕەسمی بناسێت، بە مەرجێک تاران چالاکییەکانی پیتاندنی بە تەواوی بوەستێنێت.
دانووستانە ئەتۆمییەکانی ئێران و زلهێزەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا بە هۆی ناکۆکی ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە.
ئەم بابەتە 22 جار خوێندراوەتەوە




