عەباس عێراقچی : پیتاندنی یۆرانیۆم هێڵی سوورە و شانازی نیشتمانی یە

پەیامی کورد ... عەباس عێراقچی : پیتاندنی یۆرانیۆم هێڵی سوورە و شانازی نیشتمانی یە
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە چەند لێدوانێکی جیاوازدا جەختی لەسەر مافی ووڵاتەکەی کردەوە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەمریکا توانای بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی هەبووایە، ئەوا پێویستی بە دانووستان نەدەکرد. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە توانای بەرگری و بەرنامە ئەتۆمییەکەیان هۆکاری ئەوەیە کە ووڵاتان دێنە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵیاندا.
ناوبراو پیتاندنی یۆرانیۆمی لە ئێران دا بە “هێڵی سوور” وەسف کرد و ووتی کە ئەمە ڕاستییەکە هەموو ووڵاتان لێی تێدەگەن. جەختیشی کردەوە کە پیتاندنی یۆرانیۆم “سەرچاوەی شانازییە بۆ ئێمە و دەستکەوتی زاناکان مانە، هاوردە نییە تا دەستبەرداری بین،” و ئێران پێویستی بە مووڵەتی هیچ لایەنێک نییە بۆ بەردەوامبوون لەسەری.
سەبارەت بە دانووستانەکان، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە پێشنیازێکیان لە ئەمریکاوە پێگەیشتووە کە “نائاشکرایی زۆری تێدایە” و لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ووڵامی دەدەنەوە بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان.
لە کۆتایی دا، هۆکاری بەردەوامبوون لە پیتاندنی گەڕاندەوە بۆ پێویستی یەک ملیۆن ئێرانی بەو دەرمانانەی کە لە ڕێئاکتۆری تاران بەرهەم دێن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئامادەیی ئێرانی نیشاندا بۆ بونیاتنانی متمانە و پێشکەشکردنی گەرەنتی پێویست بۆ دڵنیابوون لەوەی پیتاندنەکە ئاراستەی درووستکردنی چەکی ئەتۆمی ناکرێت.
ئەم بابەتە 19 جار خوێندراوەتەوە




