ئەورووپا هەڕەشەی سەپاندنەوەی سزا بەسەر ئێران دا دەکات

پەیامی کورد ... ئەورووپا هەڕەشەی سەپاندنەوەی سزا بەسەر ئێران دا دەکات
ئەمریکا و سێ ووڵاتە ئەورووپاییەکەی بەشدار لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکیان دژی ئێران ئامادە کردووە کە ئەگەر لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی دا پەسند بکرێت، ئەوە بوار بۆ سێ ووڵاتە ئەورووپییەکە خۆش دەکات، سەرجەم گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش بگەڕێننەوە سەر ئێران.
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: گەڕاندنەوەی سزاکان، سیاسەتێکی هەڵەیە و تەنیا قەیرانەکان زیاتر دەکات. ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت: ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی لە ژێر فشاری ووڵاتانی ئەورووپی دایە.
دوو ڕۆژ پێشتر، ئاژانسی ڕۆیتەرز ناوەرۆکی نوێترین ڕاپۆرتی سکرتێری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی بڵاو کردەوە کە بۆ کۆبوونەوەی لووتکەی ئاژانس ئامادە کراوە و تێیدا هۆشداری دراوە لەوەی ئێران لە پەرەپێدانی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم بە ئاستێک، کە نزیکە لە ئاستی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بەردەوامە و پاشەکەوتی یۆرانیۆمی خۆی گەیاندووەتە زیاتر لە ٤٨٠کیلۆگرام.
ئەم بابەتە 16 جار خوێندراوەتەوە




