نمایش كردنی لاشەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهد-١٣٦ی درووستكراوی كۆماری ئیسلامی لە پەرلەمانی بەریتانیا

پەیامی کورد ... نمایش كردنی لاشەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهد-١٣٦ی درووستكراوی كۆماری ئیسلامی لە پەرلەمانی بەریتانیا
ڕێكخراوی یەكگرتوو دژی ئێرانی ئەتۆمی UANI، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی شاهد ١٣٦ی دروستکراوی كۆماری ئیسلامی لە پەرلەمانی بەریتانیا نمایش كرد.
ئەمە یەکەم جارە کە چەکێکی لەو شێوەیە بە ئاشکرا لە خاکی ئەورووپا نمایش بکرێت و وەک هێمای هاوکاری سەربازی تاران لەگەڵ مۆسکۆ لە شەڕی دژی ئۆکراین سەیر دەکرێت.
ڕێکخراوەکە لە پۆستێک دا لە کەناڵی ئێکس، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی بە “چەکێکی سەرەکی لە شەڕی پووتین دژی ئۆکراین ” وەسف کردووە و نووسیویەتی : “ئەم نمایشە بیرهێنانەوەی ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیایە و هەروەها زیادبوونی هەڕەشەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بۆ سەر ئاسایشی ئەورووپایە.”
شاهد-١٣٦ کە لە ژێر چاودێری سوپای پاسداران بەرهەم دەهێندرێت، لە دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن مۆسکۆوە لە دژی ئامانجە مەدەنی و سەربازییەکان بەکاردەهێنرێت و هەزاران هێرشی پێ كراوە.





